Ozhin Ramadhan Salih
10 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2021
کەرکووک - AA
دوای پێنج رۆژ لە تەقاندنەوەی، شەوی رابردوو، بیرە نەوتی ژمارە ١٨٣ی کێڵگەی نەوتی بای حەسەن کوژێنرایەوە.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە کاتژمێر نوێ شەوی رابردوو، بیرە نەوتی ژمارە ١٨٣ی کێڵگەی نەوتی بای حەسەن سەربە کۆمپانیای نەوتی باکوور کوژێنرایەوە کە پێنجشەممەی رابردوو لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێنرایەوە.
سەرچاوەکە راشیگەیاند کە بیرە نەوتی ژمارە ١٨٣ کێڵگەی نەوتی بای حەسەن بەرھەمی نەوتی رۆژانەی یەک ھەزار بەرمیل بووە و لە ماوەی پێنج رۆژدا، زیانی پێنج ھەزار بەرمیلی پێ گەیشتووە.
بەپێی بازاڕی فرۆشی نەوت، بەرمیلێکی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بە ٦٠ دۆلاری ئەمریکی دەخەملێنرێت و لەماوەی پێنج رۆژدا، سێ سەد ھەزار دۆلار زیانی بەکۆمپانیای نەوتی باکوور گەیاندووە.
رۆژی پێنجی مانگی ئایار چەکدارانی داعش دوو ھێرشیان کردە سەر کێڵگەی نەوتی بای حەسەن لە ھێرشی یەکەمدا، کارمەندێکی پۆلیسی نەوت و گازیان کوشت و کارمەندێکی تریان بریندار کرد لە ھێرشی دووەمی داعشدا، ھەردوو بیرە نەوتی ژمارە ١٧٧ و ژمارە ١٨٣یان تەقاندەوە و لە ماوەیەکی کورتدا توانرا بیری ژمارە ١٧٧ کۆنترۆل بکرێت و دوای پێنج رۆژیش بیرە نەوتی ژمارە ١٨٣ کۆنترۆڵ کرایەوە.
رۆژی نۆی مانگی ١٢ ساڵی رابردوو، چەکدارانی داعش ھەردوو بیرە نەوتی ژمارە ٣٣ و ٤٣ی کێڵگەی نەوتی خەبازەیان تەقاندەوە کە بەرھەمی رۆژانەی نەوتی ئەو دوو بیرە و دوای ٤٠ رۆژ لە تەقاندنەوەیان توانرا کۆنترۆڵ بکرێنەوە بەڵام زیانی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاریان بەکۆمپانیای نەوتی باکوور گەیاند.
ھەناردەکردنی رۆژانە لە کێڵگەکانی کەرکووک بەراورد بەمانگی رابردوو کەمی کردووە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداری پێش رابردوو ھەناردەکردن لە کێڵگەکانی کەرکووک بۆ بەندەری جەیھانی تورکی، سێ ملیۆن و ٧١ ھەزار بەرمیل بووە، بەڵام ھەناردەکردن لە مانگی نیسانی رابردوو نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیھان، دوو ملیۆن و ٨٦٣ ھەزار و ٤٠٣ بەرمیل نەوت بووە بەپێی ئەم ئامارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بێت، ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بەراوورد بەمانگی رابردوو، ٢٠٧ ھەزار و ٥٩٧ بەرمیل نەوت کەمی کردووە.