Rawan Subhi Obaiullah
07 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2026
لە کاتێکدا ململانێیە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ناوچەکەدا تادێت ئاڵۆزتر دەبن، ئەم ململانێیە کاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانیی هاووڵاتییان هەبووە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە پارێزگای دهۆک هاووڵاتییان وەک جێگرەوەیەک بۆ کارەبای نیشتمانیی، بەکارهێنانی سیستەمی (سۆلار)یان وزەی خۆریان ، ئەم تەنگژە جیۆپۆلیتیکییانە کە بوونەتە هۆی پەککەوتنی بەشێک لە کەرتی غاز، وەرچەرخانێکی گەورەیان لە هۆشیاریی وزەدا دروست کردووە، هاووڵاتییان لە جیاتی چاوەڕوانیکردنی چارەسەری سیاسی، ڕوویان لە ئاسمان کردووە و تیشکی خۆریان وەک تاکە بەدیلی سەربەخۆ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی کارەبا هەڵبژاردووە.
پەیوەندی نێوان "غازی سروشتی" و "گرژیی ناوچەیی"
هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە غازی سرووشتی دەبەستێت، بەڵام گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئەو هێرشانەی ناوە ناوە دەکرێنە سەر کێڵگە غازییەکانی هەرێم، بەتایبەت کێڵگەی کۆڕمۆڕ، دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبای تووشی پەککەوتن کردووە، ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە، ئەمەش وایکردووە هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت بەدوای سەرچاوەیەکی دیکەی جێگرەوەدا بگەڕێن بۆ دابینکردنی کارەبا.
ئەزموونی هاووڵاتییان: لە کارەبای پچڕپچڕەوە بۆ وزەی ٢٤ کاتژمێری
گەلهات عەلی، هاووڵاتییەکی نیشتەجێی دهۆکە و یەکێکە لەو هەزاران کەسەی سیستەمی سۆلاری بۆ ماڵەکەی جێگیر کردووە، ئەو باس لە گۆڕانکارییەکانی ژیانی دەکات دوای ئەم هەنگاوە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "پێشتر سێ بۆ چوار کاتژمێر کارەبا دەهات و دواتر دەپچڕا، ئەمە ناخۆشی و بێزاریی زۆری دروست کردبوو، بەتایبەت لە گەرمای هاویندا، بەڵام ئێستا بەهۆی سیستەمی وزەی خۆرەوە، کارەبای ٢٤ کاتژمێریمان هەیە".
گەلهات ئاماژە بە لایەنە ئابوورییەکەشی دەکات و دەڵێت: "کاتێک نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی گران بوو، ئێمە وەک خاوەن سیستەمی سۆلار هیچ فشارێکمان نەکەوتە سەر، چونکە ئێمە خۆمان کارەبای خۆمان بەرهەم دەهێنین و چیتر پارەیەکی زۆر بە مۆلیدە ئەهلییەکانیش نادەین".
کەرتی بازرگانی و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان
مێهڤان یوسف، کە خاوەنی کۆمپانیایەکی دامەزراندنی سیستەمی سۆلارە لە زاخۆ، شیکارییەکی قووڵتر بۆ دۆخەکە دەکات، ئەو پێی وایە پاشەکشەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەک "دانە غاز" لە پەرەپێدانی کێڵگەکان بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان و ململانێی ئێران و ئەمریکا، گەورەترین زەنگی مەترسی بوو بۆ هاووڵاتییان.
لەمبارەیەوە مێهڤان یوسف دەڵێت: "خەڵک تێگەیشت کە کەرتی وزە ناسکە و بەهۆی بارگرژییەکانەوە تێکدەچێت، بۆیە سۆلار بووە 'پەناگەی وزە، هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ ڕۆژی خۆرهەتاوی هەیە، ئەمە سەرمایەیەکی گەورەیە کە پێشتر پشتگوێ خرابوو، ئێستا نەک تەنها ماڵان، بەڵکو کارگە و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیش ڕوویان لەم سیستەمە کردووە، چونکە نەک هەر پاکە، بەڵکو لە ڕووی داراییەوە لە مەودای دووردا زۆر هەرزانتر دەکەوێت".
داتاکانی حکوومەت: وەرچەرخان بەرەو ٢٢.٤ مێگاوات
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک، حازم محەمەد، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەمە تەنها دیاردەیەکی کاتی نییە، بەڵکو شۆڕشێکی ڕاستەقینەیە لە کەرتی وزەدا. ناوبراو ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا هەزار و ٧٦٠ بەشداربوو لە سێکتەرەکانی میری، بازرگانی، پیشەسازی و ماڵاندا هاتوونەتە ناو پڕۆسەکەوە.
حازم محەمەد ڕوونی دەکاتەوە: "ئەم هەزار و ٧٦٠ بەشداربووە بە تەنها توانیوویانە ٢٢.٤ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن. ئەمە بڕێکی کەم نییە؛ ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، دەتوانێت بارگرانییەکی گەورە لەسەر تۆڕی نیشتمانی و وێستگە غازییەکان کەم بکاتەوە".
تەکنەلۆژیای "گەڕانەوە بۆ تۆڕ" و سوودە گشتییەکان
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان کە بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک باسی دەکات، سیستەمی "پێوەری پێچەوانە" یان گەڕانەوەی وزەیە بۆ تۆڕی نیشتمانی، ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو ماڵانەی سۆلاریان هەیە، ئەگەر لە ڕۆژدا کارەبایەکی زیادە لە پێویستی خۆیان بەرهەم بهێنن، ئەو وزەیە نافەوتێت، بەڵکو دەچێتەوە ناو تەلەکانی کارەبای گشتی و هاووڵاتییانی دیکەش لێی سوودمەند دەبن، ئەمەش دهۆک دەکاتە نموونەیەکی پێشەنگ لە هەموو عێراقدا.