Hawkar Yaseen
26 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2021
هەولێر - AA
تەرمی پەنابەرە کوردەکەی ئێران کە لەبەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا لە گۆڕستانی کەسنەزان لە هەولێر بەخاک سپێردرا.
بەهزاد مەحمودی رۆژی ١٨ی ئایاری ٢٠٢١ لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ھەولێر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، دوای پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی ھەولێر، درەنگانی شەوی ٢٣ی ئایار بەھۆی سەختی برینەکەی و زۆری رێژەی سووتاویەکەی گیانی لەدەستدا.
ئەندامی دەفتەری سیاسیی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کامیل نورانی فەرد لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەدا لە وتەیەکدا گوتی: "بەداخەوە هەروەک پزیشکەکان پێشبینیان کرد بەهۆی زۆری رێژەی سووتاویەکەی شەهید بەهزاد بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین، لەماوەی چەند رۆژی رابردوو گەلێک لێکدانەوە و شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ ئەو هەڵوێستە هەژێنەرەی شەهید بەهزاد کراوە، جیاواز لە هەموو ئەو پەراوێزانە ئەوەی جێگای سەرنج و لەسەر وەستانە ئەو خەم و ئازارانەیە کە وای لە شەهید بەهزاد کرد ئەو هەڵوێستە بگرێت، ئەو خەم و ئازارانەی لەناو هەموو پەنابەرە سیاسییەکانی کوردی ئێران نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان خەمێکی هاوبەشە، شەهید بەهزاد پارچەی تابلۆیەکی گەورەتر بوو، ئەو هەڵوێستەی رەنگدانەوەی بێ بەشی و بێ مافی سەرجەم پەنابەرانی سیاسیی بوو لە هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە لە ماوەیەکی کەمدا ئەو شەپۆلە گەورەیەی لە پشتیوانی و هاوسۆزی و هاوبەشی بۆ دروست بوو، بەهزاد بوو بە هاوارێکی کپکراوی پەنابەرانی بێ بەش کە بەداخەوە ویستی ئەو هاوارە کپکراوە بەگوێی گوێچکە داخراوەکاندا بگەیەنێت".
کامیل نورانی گوتیشی: "لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر لایەنی بەرپرسیارێتی ئەم رووداوە گەلێک ناوەند و رێکخراو ناویان هێندرا، ئەگەر بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکانیش لەسەر ئەو ناوەند و رێکخراوانە بێت نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین تاوانباری راستەقینە و سەرەکی تەنیا دەسەڵاتدارانی رژێمی ئێرانە، ئەو حکوومەتەی ماوەی چوار دەیەیە بە سیاسەتی جیاکاری ژیانی ١٣ ملیۆن خەڵکی کوردی لە ئێران وێران و خاپوور کردووە، ژیانی گەنج و لاوی کوردی وێران کردووە و بەناچار پەڕیوەی وڵاتانی دیکە دەبن و خاک و زێدی خۆیان بەجێ دەهێڵن، بۆیە ئەگەر قەراربێت لایەنێک بە بەرپرسیار بزانرێت و دادگا و سزایەک بوونی هەبێت ئەوا پێویستە ئەو لایەنە دەسەڵاتدارانی رژێمی ئێران بێت".
بەهزاد مەحمودی خەڵکی شاری بۆکانی ئێرانە، تەمەنی ٢٥ ساڵە بوو، ماوەی چوار ساڵە وەک پەنابەرێکی سیاسیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە و لە شاری هەولێر دادەنیشێت، رۆژی ١٨ی ئایار بۆ داواکردنی مافەکانیان لەگەڵ هاوڕێییەکیدا چوونە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر و هەر لەوێش ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پێنج رۆژ دوای ئەو رووداوەش لە شەوی ٢٣ی ئایار بەهۆی زۆری رێژەی سووتاوییەکەی گیانی لەدەستدا.