Hawkar Yaseen
02 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2020
هەولێر AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکن، بەڵام هیچ رێککەوتنێک لە عێراقدا کۆنکرێتی و درێژخایەن نابێت.
بەشیر حەداد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە هەولێر دەربارەی داواکاری حکوومەتی عێراق بۆ قەرزی نێودەوڵەتی گوتی: "پرۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی کە حکوومەتی عێراق پێشکەشی کردووە لە پەرلەمانە و لای لیژنەی دارایی-یە، ئەوان هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکەن لەگەڵ حکوومەت و وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆدان، چونکە ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردووە زۆرە، ٤١ تریلیۆن دینارە، پەرلەمان بڕواهێنانی بەوە نییە، ئێمە بڕیارمان وایە کە ئەوەندەی پێویستە ئەوەندەیان بۆ سەرف بکرێت، ئەوەندەی من ئاگاداربم لە ١٠ تاوەکو ٢٠ تریلیۆنیان بۆ سەرف دەکرێت، مەرج نییە ئەوەی کە ئەوان داوایان کردووە سەرف بکرێت، بەڵام پەرلەمان هەردەم هاوکاری حکوومەتی عێراق دەبێت بۆئەوەی کە بتوانێت مووچەی فەرمانبەران بدات و ئەو ئیلتیزاماتانەی لەسەریەتی جێبەجێی بکات".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد دەربارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و رێککەوتنی نێوان هەردوولا گوتی: "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گەیشتووەتە ئاستێکی باش، لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە و ئیرادەیەکی جددی لە هەردوولادا هەیە بۆ ئەوەی بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئەم سەردانە دواییانەی کە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا بۆ بەغدا سەردانی ئیجابی بوون، رێککەوتن لەسەر زۆربەی خاڵەکان کراوە، تەنها ماوە کە وەک چوارچێوەیەکی کۆتایی ئیمزای لەسەر بکرێت".
بەشیر حەداد لە وەڵامی ئەوەی بۆچی هێشتا واژوو نەکراوە رایگەیاند "بەهۆی پەتای کۆرۆنا و خۆپیشاندانەکان کە لە بەغدا هەبوو نەتوانرا ئەم رێککەوتنە واژوو بکرێت، بەڵام پێموایە ئێستا بارودۆخێکی ئیجابی باش لەنێوان هەردوولادا هەیە، ئەو ٣٢٠ ملیار دینارەی بڕیاری لێدراوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ دێت بۆ هەرێمی کوردستان ئەو یەک دوو مانگەش کە دوادەکەوێت هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەغدا مووچەی خۆی دوادەکەوێت، کەی مووچەی عێراق دابەشکرا ئەوکات ٣٢٠ ملیارەکەی کوردستانیش دەگات".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەربارەی ئەوەی کەی رێککەوتنی کۆتایی و درێژخایەن لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکرێت گوتی: "لە عێراق بڕیاری کۆنکرێتی نییە لەبەر ئەوەی بارودۆخی سیاسی و بارودۆخی ئەمنی هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە، لەبەر ئەوە ناتوانین بڵێین ئەو رێککەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتنێکی درێژ مەودای هەتاهەتایی دەبێت، دەتوانین بڵێین لە هەر حکوومەتێکدا جۆرێک لە رێککەوتن هەیە و ئێمەش تەمەننای ئەوە دەکەین و داوای ئەوە دەکەین کە رێککەوتنێکی ستراتیجیی بووایە و لە گۆڕانکاری حکوومەتەکان گۆڕانکاری بەسەر رێککەوتنەکان نەهاتایە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئەقڵییەتەی لە بەغدا هەیە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بەپێی دەستوور رێککەوتنی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، بۆیە ناچارین لەگەڵ هەر حکوومەتێک رێککەوتنێک ئەنجام بدرێت".
گوتیشی: "لەگەڵ ئەم حکوومەتەی کازمیدا، ئێستا رێککەوتنێکی باش هەیە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە و دەکرێت ئەو سێ مانگە ئاوا بڕوات و بۆ بودجەی ٢٠٢١یش رێککەوتنێکی دیکەی تۆکمە هەیە کە مافەکانی کوردی تیادا پارێزراوە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد دەربارەی رێککەوتنی شنگال رایگەیاند "ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی دەستووردایە رێککەوتنێکی یاسایی و ئاساییە، رێککەوتنەکەش بۆ ئەوەیە ئەو ناوچانە سەقامگیربێت، بارودۆخێکی ئاسایی بۆ بگەڕێتەوە و خەڵکەکەی بتوانن بچنەوە زێدی خۆیان، بۆیە ئەم رێککەوتنە لە بەرژەوەندی عێراق و ناوچەکە و خەڵکەکەیەتی، ئومێدەوارم رێککەوتنەکە ببێتە دەستپێک بۆ رێککەوتنی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکەی ناکۆکی لەسەر، بەڵام جێبەجێکردنی رەنگە کەمێک کاتی بوێت و ئومێدەوارین لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت".