Hawkar Yaseen
02 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2020
هەولێر AA
کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی بە هاوکاری ژمارەیەک لە نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاوکاری بەسەر ژمارەیەک لە ئێزدییەکانی رزگاربوو لەدەستی داعش دابەشکرد.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ئەمرۆ ئێمە وەک سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا لە لقی هەولێری مانگی سووری عێراقین بۆ ئەوەی هەندێک هاوکاری دابەشبکەین بەسەر خێزانە ئاوارە ئێزدییەکان ئەوانەی لە کەمپەکاندان، لەو مانگە پیرۆزەدا کە مانگی مەولودە و مانگی تەبایی و پێکەوەژیانە حەزمان کرد ئەم خێزانانە دڵخۆش بکەین بەو بڕە هاوکارییە کە خواردن و پێداویستی پزیشکیی و تەندروستییە".

بەشیر حەداد گوتیشی: "پیش ماوەیەک چاومان کەوت بە ژمارەیەک کچانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و بەلێنی ئەوەمان پێدان کە ئەوەی پێمان بکرێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک نوێنەرانی کورد درێغی لێ ناکەین، بۆیە ئیشمان لەسەر پێشنیازە یاسایەک کرد بۆ ناساندنی کارەساتی ئێزدییەکان وەک جینۆساید، ئەم پێشنازە یاساییە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، هەروەها پرۆژە یاسایەکیش هەیە بەناوی رزگاربووانی ئافرەتانی ئێزدی ئەویش کاری لەسەر دەکەین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆیە ئێمە رایدەگەیەنین کە ئەوەندی پێمان بکرێت وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا کاردەکەین بۆئەوەی مافی ئێزدییەکان بگەڕێتەوە و لەو کارەساتەی بەسەریان هات قەرەبووی ماددی، مەعنەوی و یاسایی بکرێنەوە و ئەوەی بەسەریان هات وەک جینۆساید بناسێنرێت و حکوومەتی عێراقیش پێویستە بەپێی یاسا و بەپێی ئەو یاسایانەی باسم کرد و دەردەچن قەرەبووی دادپەروەرانەیان بکاتەوە و بەزووترین کات ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێزدییەکان بەڕاستی زەرەر و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە ئێستاشی لەگەڵ بێت کە لە ناوچەکانی خۆیان هەڵکەندراون لە کەمپەکاندا ژیانێکی باشییان نییە، بۆیە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکمانە".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد راشیگەیاند "ئێمە بەپێی یاسا و دەرکردنی یاسا لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی لەسەر شانمانە بۆیان ئەنجام دەدەین و لەخزمەتیاندا دەبین و ئومێد دەکەین ئەمجارە کە هاوکاریمان گەیاندە دەستییان لە شوێنەکانی خۆیان و لە زێدی خۆیان بیانبینین و هاوکارییەکان بەرینە ئەوێ بۆیان".
بەشیر حەداد گوتیشی: "داوا دەکەین لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا ئەم بابەتەش بکاتە خاڵێکی گرنگ لە دانوستاندنەکانیدا بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و بارودۆخی ئاسایی بۆ شنگال و ئەو ناوچانە بۆئەوەی ئەم خێزانە ئاوارانە بگەڕینەوە شوێنی خۆیان".