Zana Natık Kerem
21 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2020
بەغدا - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوه رایگەیاند کە نەورۆز جەژنی سەرکەوتن و لێبوردەیی و ئازادییە، سیمبولی کۆتاییھاتنی زوڵم و زۆردارییە، هەروەها دەسپێکێکی گرنگە بۆ بوژانەوە و نوێبوونەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە سەرکۆمار بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوه، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە پەیامەکەیدا ئەوەی گوتووە: "لەم نەورۆزەدا بەهۆی پەتای کۆرۆنا کە بووەتە ھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی، بەداخەوە خەڵکی ئێمە وەکو سەرجەم مرۆڤایەتی بۆ خۆپارێزی خۆی، ناچاری مانەوەیە لەماڵەوە".
سەرکۆمار بەرهەم ئەحمەد ساڵح بە پێوستی زانیوە کە هاووڵاتییان لەم نەورۆزەدا پابەندی رێنمایە تەندروستییەکان بن تایبەت بە خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و گوتوویەتی: "دەزانم یەک بەیەکی ڕۆڵەکانی گەل وەک نەریتی ساڵانە، خواستی سەیران و ڕژانە دەشت و دەر و شایی و ھەڵپەڕکێ و کۆڕ و کۆبوونەوەی بەکۆمەڵی یارانیان بەدەوری مەشخەڵی نەورۆزدا ھەیە، بەڵام دەشزانم کە ئێمە لە جەنگی لەناوبردنی زوحاکێکی ڤایرۆسین، کە کۆرۆنایە و چەکوشی پانکردنەوەی سەری زوحاکی ئەو پەتایەش، پابەندبوونە بە ڕێنماییەکان و مانەوەیە لەماڵ، خۆبەدورگرتنە لە قەرەباڵغی و کۆڕ و کۆبونەوە و گردبوونەوەی بەکۆمەڵ".
بەرهەم ئەحمەد ساڵح باسی لەوەشکردووە کە لە ئێستادا واباشترە هەمووان لە ماڵەوە و لەنێو خێزانەکانیان بمێننەوە و گوتی:
"بەداخەوە قەدەر وایە، یادکرنەوەی ئەم نەورۆزە جیاوازە، بۆیە گرنگە ھەموومان بە ھیواوە، بەخەندە و خۆزگەی پڕ لە ئیرادەوە، لەناو ماڵ و خێزان و خۆشەویستانماندا، ئەم یادە ئاڵ و واڵا بکەین و چێژ لەدەرفەتە جوانەکانی ناو خێزان و ئازیزانمان وەربگرین و بەخۆشیەوە مەشخەڵی نەورۆزی رووناکردنەوە و پێکەوەبون لەناو دڵی ئازیزانماندا، بەشێوە کۆمەڵایەتییە تایبەت و جیاوازەی ئێستای ناو ماڵ و خێزان لە پێناو ژیانێکی باشتر و تەندروستتر و بەجیاواز لە جاران دابگیرسێنین".
سەرکۆمار بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە کۆتایی پەیامەمەکەیدا ئەوەی گوتووە:
"خوشک و برایانی خۆشەویست
دڵنیابن پێکەوە، زووبەزوو مەشخەڵی نەورۆزی سەرکەوتنێکی دیکەی نوێ دادەگیرسێنین، لەوەش دڵنیابن لەسەرانسەری عێراق و کوردستانی خۆشەویستیشەوە، لەکایەیکین، بۆ ئەوەی ھەموو ئاستەنگ و کێشەکانی ئەم ڕۆژگارە تێپەڕێنین بە کۆڕۆناشەوە. پشتیوان بە پابەندی و خۆڕاگری ئێوە و پشت ئەستور بەخوای گەورە ئیرادەی گەل روو لە داھاتووی نوێ و نەورۆزی نوێ و سەرکەوتنە و ئاسۆی داھاتوویەکی باشتر روونە".