Heman Hussein Yaseen
12 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2021
ههولێر - AA
گۆمی فێڵاو، شوێنێکی بەرزی سێ ھەزار پێیی، دەکەوێتە دامێنی بناری چیای سێکێڵ و چیای حەساری سەکران لە نزیک قەزای چۆمان بە دووری ١٦٠ کم باکووری رۆژھەڵاتی ھەولێر و، بە یەکيَك لە بەرزترین گۆمەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت.
گۆمەکە رێگەیەکی سەخت و دژواری ھەیە و دوای دوو کاتژمێرێک بەپێ رۆشتن ئەوکات گەشتیار دەتوانێت بگاتە سەر گۆمەکە، بەڵام جوانی دیمەنی ناوچەکە و سەر گۆمەکە و فێنکی ئاو و ھەوای ناوچەکە، سەختی و زەحمەتی رێگای سەرکەوتن و گەیشتن بە گۆمەکە ھیلاکی لە جەستەی گەشتیاران دەڕەوێنێتەوە.
لە رۆژانی پشوو و، رۆژانی ھەینیدا، گەشتیاران بەرەو بینینی دیمەنی گۆمەکە دەکەونە رێگا، بەڵام ئێستا بەھۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و، سەرما و سۆڵە، کەمترین گەشتیار رووی لە ناوچەکە کردووە.
ھەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە و مانەوەی بەفری سەر چیاکانی دەوروبەری، سیمایەکی جوانی بە ناوچەکە بەخشیووە و، لە ئێستادا پلەی گەرمیی ناوچەکە نزیکەی ١٠ پلەی سیلیزییە.
ئەم گۆمە لە چوار وەرزەی ساڵ بەتایبەت وەرزی بەھار کە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و ناوازەتری ھەیە و دیمەنی چیا و دار و سروشتی ناوچەکە لەناو ئاوەکەدا نەخشاندووە، ھەروەھا لە وەرزەکانی ھاوین پاشان پاییز و زستانیش بەردەوام گەشتیاری خۆی ھەیە و جگە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی تری عێراقیشەوە گەشتیار رووی لێدەکات و زۆربەشیان شەو لەو ناوچەیە دەمێننەوە.
گەشتیاران خوازیارن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی بەو ناوچەیە بدات و رێگای گەیشتن بەسەر گۆمەکە ئاسان بکات، تاوەکو بتوانن لە ماوەیەکی کەمتر و بە شێوەیەکی ئاسانتر بگەنە سەر گۆمەکە چونکە رێگای چوون بۆ گۆمەکە گەشتیاران شەکەت دەکات و، ئۆتۆمبێل بە ئاسانی ناگاتە سەر گۆمەکە.