Haydar Karaalp
28 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2022
بەغدا ــ AA
سەرکردەی ئیئتلافی وەتەنییە لە عێراق، ئەیاد عەللاوی رایگەیاند کە پێویستە عێراق رێگا نەدات رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە، خاکی تورکیا ببەزێنێت و ئاماژەی بەوەیش دا کە دەڕبڕینی ناڕەزایەتیی لەھەمبەر وەڵامەکانی تورکیا سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە، مایەی قبوڵکردن نییە.
ئەیاد عەللاوی لە ھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ژمارەیەک رۆژەڤی گرنگ دوا و رایگەیاند، بەھۆی ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە میانی ساڵانی رابردوودا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجام دران، ھەژموونی ئێران لە عێراق کەمبووەتەوە.
گوتیشی: "پێویستە کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا، بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و نابێت عێراق رێگا بدات، پەکەکە خاکی تورکیا ببەزێنێت، کاتێک ناڕەزایەتی دەردەبڕین لە ھەمبەر وەڵامەکانی تورکیا بۆ دەستدرێژییەکانی پەکەکە قبوڵکراو نییە، لەبەر ئەوە پێویستە بە جیددی رێگای چارەسەرکردن بۆ کێشەکان وڵاتانی دراوسێ بدۆزرێتەوە".
ــ کەمبوونەوەی ھەژموونی ئێران لە عێراق
سەرکردەی ئیئتلافی وەتەنییە لە عێراق، ئەیاد عەللاوی لەبارەی کەمبوونەوەی ھەژموونی ئێران لە عێراق رایگەیاند، وێرای ئەوەی کە ھێشتا دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق ماوە، بەڵام بەھۆی ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە میانی ساڵانی رابردوودا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دژبە لایەنە سیاسیی و پارتە دەسەڵاتدارەکان ئەنجام دران، ھەژموونی ئێران لە عێراق کەمبووەتەوە.
روونیشی کردەوە کە ھێشتا کاریگەریی ئێران لە عێراق ماوە و بەڵگەیش بۆ ئەمە ئەو سەردانەیە کە بەم دواییانە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق ئەنجامی دا، بەڵام لەئێستادا تادێت ھەژموونی ئێران لە عێراق کەم دەبێتەوە.
لە میانی چەند ھەفتەی رابردوودا، ئیسماعیل قائانی دووجار سەردانی عێراقی کرد کە لە میانیدا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرکردەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە ئامانجی یەکخستنی نێو ماڵی شیعە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ ئەنجامدا، بەڵام ناوبراو نەیتوانی موقتەدا سەدر رازی بکات لەوەی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی بچێتە نێو ھاوپەیمانییەکەوە.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خاوەن ٨٠ کورسییە.
سەرکردەی ئیئتلافی وەتەنییە لە عێراق، ئەیاد عەللاوی گوتیشی: "لەئێستادا ئێران، کۆنترۆڵکردنی لایەنە سیاسییەکانی لە عێراق نەماوە، جگە لەو لایەنانە نەبێت کە لە خۆی نزیکن".
ئیئتلافی وەتەنییە لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ی ئەنجوومەنی نوێنەران یەک کورسی بەدەستھێناوە.
ــ قەیرانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق
سەرکردەی ئیئتلافی وەتەنییە لە عێراق، ئەیاد عەللاوی سەبارەت بە قەیرانی نوێی عێراق، وای بۆ دەچێت کە یەکلاییکردنەوەی قەیرانی پێکھێنانی حکوومەتی لەوەوە دەست پێ دەکات کە لایەنە سیاسییە ناڕەزاییەکان لەسەر بەرنامەیەکی گشتگیر حکوومی رێکبکەون کە بتوانێت وڵات ھەڵبستێنێتەوە، ئەوەیش بە رەچاوکردنی سروشتیی ئەو حکوومەتەی کە بە زۆرینەی سیاسیی یان زۆرینەی نیشتمانیی و ئاشکرای کرد، بە لایەنە سیاسییەکانی (بێ ئەوەی ناویان بھێنێت) راگەیاندووە کە گرنگە رێگا بدەن، رەوتی سەدر حکوومەت پێکبھێنێت، بەو پێیەی زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستھێناوە، بەڵام لەبەرامبەردا پێویستە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگییش بەشدارییان پێ بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت.
لە ھەمان کاتدا ئەیاد عەللاوی ئەو مەرجانەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر-ی رەت کردەوە کە بۆ پێکھێنانی حکوومەت لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی، جگە لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوور، نوری مالیکی دایناوە، ئەوەیش ئەیاد عەللاوی پێی ئەوایە، ئەو مەرجانەی موقتەدا سەدر، گونجاو نیین و ھیچ لایەنێکی سیاسیی مافی ئەوەی نییە ئەو مەرجانە دابنێت.
پێشتر سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر مەرجی ئەوەی دانابوو کە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی دەتوانن بەشداریی بکەن لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، بەڵام نابێت ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی تیایدا بەشدار بێت.
ناکۆکی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی بۆساڵی ٢٠٠٨ دەگەڕێتەوە، کاتێک نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە پارێزگای بەسرە باشووری ئەو وڵاتە بۆسەر بەناو سوپای مەھدی کە ئەو کات بە باڵی سەربازیی رەوتی سەدر دەناسرا راگەیاند و بەھۆیەوە ژمارەیەک ئەندامی ئەو گرووپە کوژران و ژمارەیەکی زۆری دیکەیش دەستگیرکران.
ــ ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان لەسەر پۆستی سەرکۆماری عێراق
سەرکردەی ئیئتلافی وەتەنییە لە عێراق، ئەیاد عەللاوی سەبارەت بە ناکۆکی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرکۆماری عێراق رایگەیاند کە ھۆکاری ناکۆکیی نێوان ئەو دوو لایەنە لەسەر پۆستی سەرکۆماری عێراق لە ئەنجامی نەبوونی بەرچاوڕوونییە لە پرۆسەی سیاسییدا.
بەھۆی ناکۆکی لەسەر کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح و کاندیدی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھۆشیار زێباری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە حەوتی ئەم مانگە نەیتوانی دانیشتنی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئەنجام بدات، چونکە لە کۆی ٣٢٩ ئەندام، تەنھا ٥٨یان ئامادەبوون.
رۆژی ١٣ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بەبڕیارێک کاندیدبوونی ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆمار رەت کردەوە
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیستێکی نوێی کە ٣٣ کاندید بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق لەخۆدەگرێت راگەیاند لەنێویاندا کاندیدی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد-ی لەنێودایە.
لەبارەی لێکەوتنەکانی ئەو پێشھاتەش ئەیاد عەللاوی رایگەیاند، ھۆکاری ئاڵۆزبوونی رەوشی گشتیی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لایەنە سیاسییەکان گرنگییان بەو کەسانە داوە کە بەرنامەی سیاسییان نییە.
ئاشکراشی کرد کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە مەترسی چوونی حزبەکەی بۆ پاڵ لایەنێکی سیاسیی دژبە لایەنێکی دیکە، ئاگادارکردووەتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە ٣١ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستھێناوە لەگەڵ رەوتی سەدر کە خاوەن ٧٣ کورسییە و ھاوپەیمانیی سەروەریی سوننە کە ٧١ کورسیی ھەیە، ھاوپەیمانییەکی سێقۆڵییان پێکھێناوە.
ئامانج لە پێکھێنانی ھاوپەیمانییە سێقۆڵییەکە، پاڵپشتیکردنە لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ عێراق کە موقتەدا سەدر ھەوڵی دەدات سەرۆکایەتی بکات، ئەوەیش لە بەرامبەر ئەوەی سوننە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وەرگرت و ئەوەی ماوە پۆستی سەرکۆماری عێراقە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵدەدات وەریبگرێت کە ئەو پۆستە لە ساڵی ٢٠٠٦وە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.