Heman Hussein Yaseen
12 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2022
ھەولێر - AA
پێشینوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، یەکەمین کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو و تیاییدا ١٧ كهس وهك ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردران و لهو ژمارهیهش ١٠ كهسیان ئهندامی كۆمیتهی ناوهندی و حهوت كهسیشیان پێشتر ئەندامی مهكتهبی سیاسیی بوون.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، نەوزاد ھادی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی ئەنجامدرا و تیاییدا ١٧ کەس بۆ مەکتەبی سیاسیی ھەڵبژێردران".
نەوزاد ھادی گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەموو کۆنگرەکان ھەم ئەندامانی نوێی سەرکردایەتی و ھەم ئەندامانی نوێی مەکتەبی سیاسیی لەخۆگرتووە و بە دڵنیاییەوە ئەمە پڕۆسەیەکی دیموکراسییە و خەسڵەتێکی پارتی بووە بە درێژایی تەمەنی کە ئەو گۆڕانکارییانەی تیادابووە و له كۆبوونهوهكهشدا جهختمان له چارهسهركردنی كێشه ناوخۆییهكان كردهوه".
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ١٧ کەسەی بوونەتە ئەندامانی نوێی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتیین لە، فازڵ میرانی، فوئاد حوسێن ،ھۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحموود محەممەد ، رێبوار یەڵدا، کەمال کەرکووکی، زەعیم عەلی، سیداد بارزانی، ھێمن ھەورامی، پشتیوان سادق، ھیوا ئەحمەد مستەفا، سەربەست لەزگین، زاگرۆس فەتاح، نەوزاد ھادی، ئامینە زکری و عەلی حوسێن.
ھەفتەی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرەی ١٤ی خۆی لە شاری دھۆک بەست و تیاییدا ھەزار و ٢٥ کەس بەشداربوون و لە ماوەی سێ رۆژدا بە راگەیاندنی ٥١ ئەندامی ھەڵبژێردراو بۆ کۆمیتەی ناوەندی و نۆ ئەندامی یەدەگ و ژمارەیەک گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی حزب، کۆتایی بە کارەکانی ھێنا.
بەپێی زانیارییەکان، ھەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا رێکاری گونجاوی بۆ دیاریکراوە، و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی کە لە کۆنگرەدا پەسەندکرا، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ژمارەیان لە ١٥ تا ١٧ کەس پێکدێت و ھاوکات ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیش دیاری دەکرێن و ھەڵدەبژێردرێن.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سێی تشرینی دووەم، کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بەکارەکانی کرد و، لە یەکەم رۆژدا، مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حزب ھەڵبژێردرایەوە و ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەم ھەڵبژێردران.
لە رۆژی دووەمی کۆنگرەکەدا، پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی پەسەندکرا کە چەند گۆڕانکارییەکی لە ئۆرگانەکانی پارتی لەخۆگرتبوو، لەوانە کۆمیتەی ناوەندی لە بری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ھەروەھا دروستکردنی ئەنجوومەنی تێکۆشەران بۆ کەسانەی کە توانای کارکردنیان نەماوە و لەو ئەنجوومەنە درێژە بە کارەکانیان دەدەن و سوود لە ئەزموونیان وەردەگیرێت، پۆستی مەکتەبی سیاسیی نەما و لەبری ئەو دەستەی کارگێڕیی دروست دەکرێت و کەسێک بە بەرپرسی دەستەی کارگێریی دادەنرێت.
رۆژی سێیەم و کۆتا رۆژی کۆنگرە پڕۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو و تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، لەلایەن لیژنەی دادوەران و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کە سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکەیان دەکرد، ناوی دەرچووەکان ئاشکرا کرا و دوای نەبوونی ھیچ تانەیەک، ئەنجامەکان پەسەند کران.