Heman Hussein Yaseen
25 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2025
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم کۆدەبێتەوە و بڕیارە گفتوگۆ لەسەر دوو بڕگە بکرێت کە بریتیین لە بارودۆخی دارایی ئێستای ھەرێم و مووچەخۆران، ھەروەھا ڕاپۆڕتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی خانەنشینیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی ھەرێم بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی حوزەیران، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە و لەبارەی دوو بڕگەوە گفتوگۆ دەکرێت.
فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەداوە کە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی دارایی ئێستای ھەرێم و مووچەی مووچەخۆران کە بۆ ماوەی دوو مانگە بە بڕیارێکی نادەستووریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم ڕاگیراوە و دواھەوڵەکانی چارەسەری ئەم بابەتە تاووتوێ دەکرێت.
لەبارەی بڕگەی دووەمیشدا ھاتووە کە، ڕاپۆرتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە ھەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەکان لەمبارەیەوە گفتوگۆ ی لەسەر دەکرێت.