Heman Hussein Yaseen
21 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێمی کوردستان لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا تیشکخراوەتەسەر تەوەری کۆبوونەوەکە و ھاتووە: "کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لە خۆ دەگرێت کە تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای دانوستانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بوودجە، نەوت و غاز، دەروازە سنورییەکان و دیوانی چاودێری دارایی".
ھاوکات ئاماژە بە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەش کراوە کە بریتییە لە خستنەڕووی زانیاری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها گۆڕانی ئاووھەوا و خستنەڕووی پلانی ساڵی ٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی ژینگە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت.