عێراق

ئیمزاکردنی پرۆتۆکۆلی ھاوبەش لەبارەی سنوورەکانی عێراق و ئێرانەوە

ـ لیژنەی ھاوبەشی پاسەوانی سنووری نێوان عێراق و ئێران لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە، ھەردوولا پرۆتۆکۆلێکی ھاوبەشیان لەبارەی توندوتۆڵکردنی سنووری ھاوبەشی نێوانیان ئیمزاکرد.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 19.06.2019 - نوێکردنەوە : 20.06.2019
ئیمزاکردنی پرۆتۆکۆلی ھاوبەش لەبارەی سنوورەکانی عێراق و ئێرانەوە

As Sulaymaniyah
سلێمانی ـ AA

دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، فەرماندەی گشتی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنووری عێراق لە سنووری پارێزگای سلێمانی، شێرکۆ عەبدوڵا رایگەیاند، وەک لیژنەی ھاوبەشی سنووری ھەردوولا و بەپێی رێکەوتنی نێوانیان کۆبوونەوەی دەوری خۆیان ھەیە و شەش مانگ جارێک کۆدەبنەوە.

ئەو گوتی: "سنوورەکانی ئێمە و ئێران بەرفراوان و زۆرە و دەگاتە ٦٥٤ کلم، بۆیە پاراستنی ئەو سنوورانە گران و زەحمەتە لەسەر شانی ئێمە، بۆ ئەو مەبەستەش زۆرجار لە کاتی رووداوێکدا پێویستی بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەردوولامان ھەیە و لە کاتی کێشەکاندا پەیوەندی بەیەکەوە دەکەین".

فەرماندەکەی پاسەوانی سنووری عێراق داوای لە ھاووڵاتیان کرد بەشێوەی قاچاخ لە سنوورەکانەوە ھاتوچۆ نەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش نەکەن، بەڵکو بەشێوەیەکی رەسمی و لە رێگای مەرزەکانەوە ھاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی کێشە و سزا دەبنەوە.

لەلای خۆیەوە فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە پارێزگای کرمانشان، یەحیا ئیلاھی گوتی: "ماددە ھۆشبەرەکان لە سنوورەکەی ئێمە بەتایبەت ناوچەی پاوە دزەی پێناکرێت، ئەگەر ھەر کەسیش بازرگانی بەو ماددانەوە بکات لە یاسادا سزای زۆر توند بۆ ئەو کەسانە دانراوە، ھەردوولاش رێکەوتنمان کردووە لەسەر ئەوەی ئەو کەسانە رووبەڕووی سزای توند دەکەینەوە".

ئەو ھەروەھا گوتی: "لە تەواوی دنیادا ئەنجامدانی کۆڵبەری بە شێوەیەکی یاسایی و لەژێرچاودێری ھێزەکانی پاسەوانی دەکرێت، لەنێوان ھەردوو وڵات ئەگەر دەرگایەک بۆ کۆڵبەران کرابێتەوە ئەوە چاودێرییان کراوە، ئەگەرنا ئەوە رێگری لە ھەرجۆرە کۆڵبەرییەک دەکەین".

یەحیا ئیلاهی گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە ماددە ھۆشبەرەکان باس لە خواردنەوە کحولییەکان، ھاتوچۆی نایاسایی، کاڵای قاچاخ و رێگری لە ھێنانی چەک و تەقەمەنی کراوە و هاوکات لە ھەر کۆبوونەوەیەکدا باش لە چۆنێتی گرتنەبەری رێوشوێن و میکانیزمی نوێ بۆ رێگری لەو کارانە کراوە". بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın