Heman Hussein Yaseen
20 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2021
ھەولێر - AA
رێوڕەسمی ھەڵکردنی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای ھەولێر، بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان بەبێ ئامادەبوونی ھاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
بەھۆی رێکارە تەندروستییەکان و بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەبێ ئامادەبوونی ھاووڵاتییان، ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای ھەولێر کرایەوە.
کاتژمێر شەش و ٣٠ خوولهكی ئێوارەی ئەمڕۆ، مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لەلایەن پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و ژمارەیەک بەرپرسانی دیکەی حزبی و حکوومی و بە ئامادەبوونی دەزگاکانی راگەیاندن، لەسەر قەڵای ھەولێر کرایەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان لە خوارەوەی قەڵای ھەولێر بە مۆبایل وێنەی مەشخەڵی ئاگرەکەیان دەگرت و یاری ئاگرینەشیان ھەڵدەدا ئاسمان.
نەورۆز لە رۆژژمێری کوردیدا بە یەکەم رۆژی ساڵ دادەنرێت و زۆرێک لە نەتەوەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەم رۆژە بە رۆژێکی پیرۆز دەزانن.
کورد لە سەرانسەری جیھان رۆژی نەورۆز پیرۆزبایی لەیەکتر دەکەن و لە شوێنە بەرزەکان ئاگر دەکرێتەوە و ئەمساڵیش لەسەر قەڵای ھەولێر ئاگری نەورۆز کرایەوە.
نەورۆز بە مانای نەمانی سەرما و سۆڵە و ژیانەوەی سرووشت و بە یەکەم رۆژی بەھار دادەنرێت.