ھەولێر - AA
ئەرشیفەکە ھەزاران گۆرانیی سەدان گۆرانیبێژ لەخۆ دەگرێت و وەکو پەناگەیەک بۆ پاراستنی میوزیک سەیر دەکرێت و گۆرانیی لەنێودایە تەمەنی سەدەیەک دەبێت.
لەنێو سەدای ھەزاران تۆن و نۆتەی میوزیکی رەسەنی کوردی لەسەر پیرە قەڵاکەی ھەولێر و لە سوچێکیدا پیاوێکی رووخۆشی پڕاوپڕ لە خەندە و نەرمونیان دەبینرێت کە بەردەوام سەرقاڵە بە بڵاوەپێکردنی چریکە و میوزیکە رەسەنەکە بەھەموو کوچە و داڵانێکی قەڵا و دەیەوێت وەکو چاوەکانی و زیاتریش وەکو خۆی دەیڵێت تا دوا ھەناسەکانی دەست لە پاراستنی ئەم ئەرشیفە کۆنە ھەڵنەگرێت و نەوەکانی داھاتوو بیانپارێزێت.
لەناو یەکێک لە خانووە کۆنەکانی "قەڵای ھەولێر" ئەو قەڵایەی شەش ھەزار ساڵ دەبێت و ھێشتا پشتی نەچەماوەتەوە لە پاڵ چەند مۆزەخانە و ئەنتیکەخانەیەک شوێنێک بەناوی "ئەرشیفی مۆسیقای کوردستانی" تەرخانکراوە و پیاوێک رۆژانە چەندین کاتژمێر گوێی گەشتیار و سەردانیکارانی قەڵاکە بۆ گۆرانی و میوزیکەکانی بەردەستی ھەڵدەخات.
ئەمجەد ئەسعەد مەجید، پیاوێک دەموچاوی مڕومۆچیی پێوەنابینرێت، ھەمیشە خەندەیەک بەھۆ بێت یان بێ ھۆ دەموچاوە ماندووەکەی نێو گۆرانی و میوزیک گەشتر دەکاتەوە، ئەو لەساڵی ١٩٥٩ لەو قەڵایەی ئێستا تیایدا سەرپەرشتی ئەرشیفخانەکە دەکات لە دایکبووە و لە تەمەنی ھەشت ساڵییەوە ئێستاشی لەگەڵدابێت گوێی لەگەڵ گۆرانی و میوزیکی رەسەن نەرم و شل بوون و بەو پەندە کوردییە باوەی دەڵێت "شەراب تا کۆنتر بێت بەتامتر دەبێت" لە گۆرانییە کۆنەکان دەڕوانێت و ئەو کۆنییە چیژەکە بۆ ئەم پتر دەکات.
سەبارەت بە شوێنەکە لەنێو قەڵای ھەولێر، ئەسعەد ئەمجەد مەجید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "ئەم شوێنە لەساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە و لەسەر راسپاردەی پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی بووە کە رۆڵی سەرەکیی تیادا بینیوە، مەبەست لە کردنەوەی ئەو شوێنە بۆ پاراستنی ئەو ئەرشیفەیە لە گۆرانی و میوزیک کە لە لای ئێمە بەتایبەت ھەبوون و دەمانەوێت ھاوشێوەی وڵاتانی دونیا ئێمەش ئەرشیفێکی تایبەت بە میوزیک و گۆرانیی خۆمان ھەبێت".
ئەمجەد ئەسعەد مەجید پیاوێکی باریکەلەی باڵا مام ناوەندە، ھێشتا سەروپرچ و سمێڵە رەشەکەی گەنجتر لەوەی ھەیە دەریدەخات، بۆ تەواوکردنی ئەم راپۆرتە زوو زوو زانیاریی زیاتری لەسەر شوێنەکە و ئەرشیفەکەی پێ دەداین، ئەو کە لە تەمەنی ھەشت ساڵییەوە واتا لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ قەوان و بەکرە و دواتر کاسێت نەرم کردووە، ساڵانی پێشووی و دەستکردنی بەکاری تۆمارکردنی بەرھەمی گۆرانیبێژەکان لە تەمەنێکی بچووکەوە ھێشتا کۆڵی بە ئەم نەداوە، ئەم کە خۆی وەکو دەگوترێت "نرخی زێڕ لای زێڕنگرە" زۆر زیاتر لە ھەموو کەس نرخی ماندووبوون و بەھای ئەو ئەرشیف و کاسێت و بەرھەمانە دەزانێت کە بە قسەی خۆی گۆرانیی ئەوتۆ ھەیە ھەزاران دۆلاری پێ دەدەن، بەڵام ئەم ھەر بەرھەمێک بە بەنرخی "چاو"ی خۆی دەزانێت.
لە ئەرشیفەکەدا قەوانی کۆن، چەندین ئامێری تۆمارکردنی چەندین دەیەی جیاوازی سەدەی رابردوو دەبینرێت، لەتەک ئەمانیشدا سەدان کاسێتی کۆن کە دەیان ساڵ بەر لە ئێستا تۆمارکراون ھەیە، ھەروەھا گۆرانییەکانیش جگە لە کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، و ھی دیکەش ھەن.
ئەمجەد ئەسعەد مەجید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای دەکات ئەو کاسێتانەی لەو ئەرشیفەدا ھەن زۆرن و نازانرێت چەند دانەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەموو ئەو ئەرشیفەی لە ماڵەوە ھەڵگرتووە بۆ ئەوەی ئەگەر ئەم ئەرشیفەیان لەناو بچێت ئەوەی لە ماڵەوە ھەیەتی جێگرەوەی بێت و لەمبارەیەوە دەڵێت:"لەم کاسێتانەدا گۆرانیی وا ھەیە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر گوتراونەتەوە، بە نموونە گۆرانییەکی ئەڵماس خان کە بە دایکی جەمال ناسراوە، ئافرەتێکی جوولەکە بووە و لەساڵی ١٩٣٢ کۆچی دوایی کردووە، ھەروەھا گۆرانییەکی چەندین ھونەرمەندی وەکو کاوێس ئاغا، حەسەن خونچە، مشکۆ، محمەد ئەحمەد ئەربیلی، فوئاد ئەحمەد، تاھیر تۆفیق، مام رەسول گەردی، تەحسین تەھا، یەحیا مەرجان و ھی دیکەش ھەیە".
ئەمجەد ئەسعەد مەجید زیاتر باس لە بەسەرھاتی تێکەڵبوونی لەگەڵ گۆرانی و میوزیک دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، بە قسەی خۆی کە زیاتر لە ٥٠ ساڵی تەمەنی لەگەڵ گۆرانی و میوزیک بەسەربردووە خاڵی بەناوی "عەبدوللـەتیف چەخماخچی" کە دامەزرێنەری یەکەمین تۆمارگایە لە ھەرێمی کوردستان و بۆ یەکەمین جار لە کوردستان تۆمارگایەکی بەناوی "عەبدوللـەتیف"ەوە لەساڵی ١٩٥٢ لە شاری ھەولێر داناوە رۆڵی گەورەی ھەبووە لەسەر کارکردنی لەم بوارەدا.
پیاوە نەرم و نیانەکە کە لە تەمەنی ھەشت ساڵییەوە لەگەڵ چەخماخچیی خاڵیدا ئیشوکاری راییکردووە، لەساڵی ١٩٧٦ تۆمارگەیەکی تایبەت بەخۆی لە شاری ھەولێر داناوە و لەوکاتەوە تا ئێستاش ئەو تۆمارگایە لە شەقامی ئیسکان ماوە، بەناوی" ناز"ەوە بووە بە یەکێک لە شوێنە ناسراو و دێرینەکانی شاری هەولێر.
"ئەرشیفی مۆسیقای کوردستانی" وەکو ئەمجەد ئەسعەد مەجید دەڵێت چەندین کەس لە کەسانی پایەبەرز تا کەسانی ئاسایی و لە ھەموو توێژەکاندا سەردانی دەکەن بۆ گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ئەرشیفەکە، دەشڵێت "دامەزراندنی ئەم شوێنە ھەوڵێکی زۆری ویستووە، بۆیە من بەقەد چاوەکانی خۆم ئەم کاسێت و کەلوپەلانەی بەنرخن لە لام و رۆژانە بەتاسەوە بەرامبەریان دادەنیشم و بە شێوەیەک ئالوودەی میوزیک و گۆرانیی رەسەن بووم کە چوومەوە بۆ ماڵەوەش ھەر بەردەوامم لە گوێگرتن".
دەشڵێت "بۆ یەک گۆرانی پارەی زۆریان پێداوم، بەڵام بەشی ھەرە زۆری ئەم گۆرانی و میوزیکانەی لەم ئەرشیفە ھەیە تەنھا لە لای خۆمان ھەیە، بەڵام ئەرشیفێکی گەورەتر لە لای کوڕی خاڵم عەبدولـلەتیف چەخماخچی بەناوی حیکمەتەوە ھەیە و تەنھا ئەو ئەرشیفێکی گەورەتری لەوەی ئێمەی ھەیە، کۆکردنەوە و پاراستنی ئەم ئەرشیفەش کات و ھەوڵێکی زۆری ویستووە، بۆیە ئەم ھەر لە ئێستاوە خەمی ئەو ئەرشیفەمە کە لەدوای خۆم محەمەدی کوڕم راسپاردووە ئاگای لێیان بێت، دەبێت حکوومەتی ھەرێمیش بە باشی ئاگاداری ئەو ئەرشیفە بێت".
ئەو ھۆڵەی کە ئەرشیفەکەی لێیە ھۆڵێکی گەورەیە، بەڵام ھێشتا بەشی زۆر شت ناکات لەو ئەرشیفەی لە لای ئەمجەد ئەسعەد مەجید پارێزراون و بە ھۆی بچووکی شوێنەکەوە ناچارە لە ماڵەکەی خۆیدا زۆر لە ئامێر و کاسێتەکان دابنێت، مام ئەمجەد لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژمارەیەکی زۆر زیاتر کاسێتم لەماڵەوەیە و بە ھۆی بچووکی ئەرشیفەکەوە نایھێنمە ئێرە، ھەروەھا لەماڵەوە نزیک بە ٨٤ پارچە ئامێری تۆمارکردنم ھەیە و ھەمووم لە ژێرزەمینی ماڵەکەمدا شوێنم بۆ کردووەتەوە کە پاش ئێرە لەوێ بەدیارییانەوەم و گوێ بۆ گۆرانی و میوزیک دەگرم و ئارام دەبمەوە".
ئەمجەد ئەسعەد مەجید لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەسەرەتای ھاتنی قەوان و ئامێری تۆمارکردن و گوێگرتن لە میوزیک و گۆرانی دەکرد و باسی لە بەکرەی تێل و دواتر بەکرە و تا کاسێت و پاشان سیدی کە لەساڵانی ٢٠٠٠ەکانەوە لەھەرێمی کوردستان پەیدابوون.
ئەمجەد ئەسعەد مەجید کە بەھەزاران گۆرانیی بۆ دەیان گۆرانیبێژ بەو دەست و پەنجانەی خۆی تۆمارکردووە، دەڵێت سەدان کاتژمێری تەمەنی لەگەڵ چەندین گۆرانیبێژی ناسراو و لەوانەی ئەمڕۆ ژمارەی قورسن و ھێشتا لەڕەسەنایەتی گۆرانییدا ناویان بڵاوە و پەنجەی شاھێدییان بۆ درێژ دەکرێت، یادگاری خۆش و ناخۆشیشیان ھەبووە، دەشڵێت "چەندین گۆرانیی کۆنی زۆر گۆرانیبێژ ھەیە تەنھا لە لای ئێمە ھەیە و لە ھیچ شوێنێکی تر نادۆزرێتەوە و نییە".
ئەمجەد ئەسعەد مەجید کە وەکو خۆی دەیگوت بەیانییان لەگەڵ گۆرانی رۆژی نوێی دەست پێ دەکات و تا خەوتن بەدیار گۆرانییە کۆنەکانەوە بەدەم یادگارییەوە چێژی نەپساوەی پێ دەبەخشن، بۆ ئەو، ھەموو گۆرانیبێژە کۆنەکان وەکو یەکن و، ئەو زوو زوو ناوی کاوێس ئاغا، عەلی مەردان، مچکۆ، محەمەد ئەحمەد ئەربیلی، رەسول گەردی، تاھیر تۆفیق و تەحسین تەھا و فوئاد ئەحمەد و چەندینی تری دەھێنا و دەیگوت کە پێیان سەرسامە و بێ ئەوان ناتوانێت ھەڵبکات.
ئەو ویستیشی ناوی چەندین میوزیکژەنی کورد بھێنێت وەکو وەفایەک بۆ کار و کۆششیان بۆ بەرەو پێشخستنی ھونەری کوردی و پێی وابوو ھونەرمەندان مستەفا رەئوف کە ژەنیاری عود و واحید مەرجانی کەمانچەژەن و باوکی ئەمیش کە خدر مەرجان بووە و ئامێری نەی دەژەنی، رۆڵی مەزنییان لە سەردەمی خۆیاندا ھەبووە.
ئەمجەد ئەسعەد مەجید لەسەرەتا و کۆتایی قسەکانیدا ھەمیشە بەدەست و پەنجەکانی ئاماژەی بۆ کاسێت و کەلوپەلەکانی ئەرشیفى دەکرد و داوای دەکرد لەدوای خۆشی دەزگایەک یان حکوومەتی ھەرێم ئەرکی پاراستنی بگرێتە ئەستۆ و لە فەوتان بیپارێزێت، چونکە ئەو دەیگوت کە ئەرشیفەکە ناسنامەی کوردە.
news_share_descriptionsubscription_contact

