Sangar Hamad Azeez
17 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2018
ئیستانبوڵ - AA
راهێنەری پێشوی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی ئارسێن ڤینگەر داوا دەکات یاریزانی ئەڵمانی مەسعوود ئۆزێل کە بەهۆی گوتەی نەژادپەرستی و ئەو هێرشانەی کرایە سەری وازی لە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەکەی هێنا، دووبارە بگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردەکەی.
ڤینگەر لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی بیڵد ئاماژەی بەوەکرد کە لەگەڵ ئۆزیڵ بەیەکەوە لە یانەی ئارسناڵ کاریان کردووە و یاریزانێکی بێ وێنەیە و گوتیشی: "وابیر دەکەمەوە کە ئەڵمانیا پێویستی بە مەسعوود ئۆزێل بێت. هیوادارم یواکیم لۆڤ بتوانێت جارێکی دیکە ئۆزێل رازی بکات بۆ ئەوەی بگەرێتەوە هەڵبژاردەکەی. ئەو یاریزانێکی زۆر باشە و لە مۆندیالی رابردووش ئاستی خراپ نەبوو".
ئەو راهێنەرە فەڕەنسییە جەختی کردەوە لەوەی کە یاریزان دەبێت هەموو کات ئامادە بێت و گوتیشی: "نیگەرانبوون بە جێهێشتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەلایەن ئۆزێلەوە. یاریزانێک کاتێک بزانێت لە مۆندیال و چامپیۆنز لیگ یاری ناکات کاریگەری دەکاتە سەر ئاستی".
لەلایەکی دیکەوە ڤینگەر جەختی کردەوە لەوەی کە دوای ئەوەی یانەی ئارسناڵی جیهێشت تەواو پشووی وەرگرتووە و ئێستا ئامادەیە بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی تیپێک بکات و بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕوانی پشووی زستانەی یانەکان دەکات.