Yunus Kaymaz,Muhammet Ali Kemal
04 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2018
ئیستانبوڵ - AA
لە میانی دوایین دوو یاریی قۆناغی شازدەی مۆندیالی ٢٠١٨دا کە لە رووسیا بەڕێوەدەچێت، هەریەک لە هەڵبژاردەکانی سوید و ئینگلتەرا توانییان بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە سەرکەون.
دوایین دوو یاریی قۆناغی ١٦ بەڕێوەچوون و بەو شێوەیەش سەرجەم هەڵبژاردەکانی قۆناغی هەشت دەرکەوتن.
لە یەکەم یاریی دوێنێدا سوید بەرەوڕووی سویسرا بوویەوە و لە خولەکی ٦٦دا، فۆرسبێرگ توانی گۆڵێک بۆ هەڵبژاردەکەی تۆماربکات و هەر بەو ئەنجامەش لە سویسرایان بردەوە و بۆ قۆناغی هەشت سەرکەوتن. یاریزانی سویسریی، لانگ لە خولەکی ٩٠+٤دا، کارتی سووری وەرگرت و یارییەکەی جێهێشت.
لە یاریی دووەمدا کۆلۆمبیا و ئینگلتەرا بەرەوڕووی یەکتر بوونەوە. کاتی یاسایی و کاتی زیادکراوی یارییەکە بە ئەنجامی ١-١ کۆتاییهات و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا توانی لە لێدانی سزای یەکلاکەرەوەدا بە ئەنجامی ٤-٣ لە هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا بباتەوە و بگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی.
بەوشێوەیەش هەریەک لە ئینگلتەرا و سوید لە قۆناغی هەشتدا بەرەوڕووی یەکتر دەبنەوە.
لەدوای قۆناغی ١٦ی مۆندیالی ٢٠١٨دا، یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی و یارییە گریمانەکراوەکانی قۆناغی نیوەی کۆتایی بەم شێوەیەی لای خوارەوەن:
- چارەکی کۆتایی:
ئۆرۆگوای - فەڕەنسا (هەینی شەشی تەمووز، یاریگای نیژنی نۆڤگۆرۆد).
بەڕازیل - بەلجیکا (هەینی شەشی تەمووز، یاریگای کازان ئارێنا).
رووسیا - کرواتیا (شەممە حەوتی تەمووز، یاریگای فیشت).
سوید - ئینگلتەرا (شەممە حەوتی تەمووز، یاریگای سامارا ئارێنا).
- نیوەی کۆتایی:
ئۆرۆگوای - فەڕەنسا / بەرازیل - بەلجیکا (سێشەممە ١٠ی تەمووز، یاریگای کرێستۆڤسکی).
رووسیا - کرواتیا / سوید - ئینگلتەرا (چوارشەممە ١١ی تەمووز، یاریگای لوژنیکی).