Muhammet Ali Kemal
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2017
مەدرید - AA
لەمیانەی یارییەکانی هەفتەی 27ەمی لالیگادا، یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی ریاڵ بیتسی بردەوە و دوای دوو هەفتەی توانی ببێتەوە پێشەنگی خولەکە.
لە یارییەدا کە لەیاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو، لە خولەکی 24دا یاریزانی یانەی ریاڵ بیتس، هەڵەیەکی گۆڵپارێزی یانەی ریاڵ مەدریدی قۆستەوە و توانی بە تۆمارکردنی گۆڵێک، یانەکەی 1-0 بخاتە پێشەوە. یانەی شاهانە لەرێگەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە و لەخولەکی 40دا توانی گۆڵی بەرامبەربوون تۆماربکات و بەو ئەنجامەش گێمی یەکەم کۆتاییهات.
ئەگەرچی لە گێمی دووەمدا ئەدای یانەی خاوەن ماڵ کاریگەرتر و باشتر بوو، بەڵام بەهێزیی هێڵی بەرگریی یانەی میوان، نەیدەهێشت یاریزانانی ریاڵ مەدرید گۆڵ تۆمار بکەن. لە خولەکی 78دا و دوای ئەوەی یاریزانێکی هێڵی بەرگریی ریاڵ بیتس کارتی زەردی دووەمی وەرگرت، لەلایەن ناوبژیوانەوە کرایە دەرەوە و یانەی میوان بە 10 یاریزانەوە مایەوە. لەخولەکی 81دا سێرجی رامۆس سەرێکی زۆر جوانی لەو تۆپە دا کە لەلایەن تۆنی کرووسەوە، لەلێدانێکی سووچەوە ئاراستە کرا و توانی یارییەکە لەبەرژەوەندیی یانەکەی کۆتایی پێبهێنێت بە ئەنجامی 2-1. بەو شێوەیەش یانەی ریاڵ مەدرید توانی 3 خاڵ بەدەستبهێنێت.
بە بردنەوەی ئەو یارییە و سوودوەرگرتن لە دۆرانی یانەی بارسێلۆنا لە یاریگای دیپۆرتیڤۆ لاکەرۆنیادا، یانەی شاهانە توانی بە کۆکردنەوەی 62 خاڵ پێشەنگیی خولەکە لە یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا وەرگرێتەوە کە لە 60 خاڵدا مایەوە.
یانەی ریاڵ مەدرید بەهۆی ئەو یارییە دواخراوەیەوە کە لەبەر نالەباری کەش و هەوا لە 5ی شوباتدا لە یاریگای سێڵتا فیگۆ، ئەنجام نەدرا، تا ئێستاش یارییەک کەمتری لە یانەکانی دیکە ئەنجامداوە. هاوکات یانەی ریاڵ بیتس بە 28 خاڵەوە لە ریزبەندی 14دایە.
لەو نێوەندەشدا سێرجیۆ رامۆس بە تۆمارکردنی گۆڵی 69یەمی خۆی بە درێسی یانەی ریاڵ مەدریدەوە پێش رۆبەرتۆ کارلۆسی بەرازیلی و یاریزانی یانەکە کەوت کە خاوەنی 68 گۆڵە، بەوجۆرە رامۆس بووە دووەم یاریزانی هێڵی بەرگریی یانەی شاهانە لەرووی تۆمارکردنی گۆڵەوە. پلەی یەکەمی بەرگریکارە گۆڵکەرەکانی یانەکە بەناوی یاریزانی پێشووی یانەی شاهانە، فێرناندۆ هیەرۆوەیە بە تۆمارکردنی 127 گۆڵ. رامۆس لەم وەرزەدا توانیویەتی 11 جار تۆڕی گۆڵی یانەکان بهەژێنێت و چوارەم گۆڵکاری ئەم وەرزەی یانەکەیەتی.