سلێمانی
ھەر یەکە لە (کۆسرەت رەسوڵ) جێگری یەکەمی جەلال تاڵەبانی و (دکتۆر بەرھەم ساڵح) جێگری دووەم، لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا تێڕوانینی حیزبەکەیان دووپات دەکەنەوە لەسەر چارەسەری ئاشتیانە لەتورکیا کە بەقسەی کۆسرەت رەسوڵ جەلال تاڵەبانی سکرتێری ئەم حیزبە بناوانەکەی ھەڵبەستووە.
جێگرانی تاڵەبانی بەجیا پێشوازییانکرد لەکونسوڵی گشتی تورکیا لەھەولێر (محەمەد ئاکیف ئینەم) کە تازەکی لەھەرێمی کوردستان دەستبەکار بووەو لەوبارەیەوە دیدو بۆچوونی حیزبەکەیان بۆ تورکیا روونکردووەتەوە.
بەپێی ھەواڵەکانی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) ئۆرگانی رەسمیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە رۆژی ھەینی بڵاوبووەتەوە، کۆسرەت رەسوڵ و بەرھەم ساڵح بەسەرکونسوڵ (محەمەد ئاکیف) یان گوتووە کە دڵخۆشن بەپرۆسەی کرانەوە بەڕووی کورددا لەتورکیاو بەردەوامیدان بەپرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە بەگرنگ دەزانن.
کۆسرەت رەسوڵ گوتوویەتی " بیست و دوو ساڵ لەمەوبەر مام جەلال بناغەی پەیوەندیی نێوان تورکیاو کوردستانی دامەزراند، ئێستا مام جەلال بەختەوەرە پەیوەندییەکان بەم ئاستەی ئێستا گەیشتوون، بۆیە پێویستە زیاتر و فراوانتربن لەمانەی ئێستا"
بەگوێرەی ھەواڵی کوردستانی نوێ ھەروەھا دکتۆر بەرھەم ساڵحیش جەختی لەگرنگی ئەو پەیوەندییانە کردووەتەوەو دووپاتیکردووەتەوە (ینک) لەگەڵ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتییە لەتورکیا.