نیویۆرک
یادی 90ساڵەی لەدایكبوونی هاووڵاتی موسڵمانی ئەمریكی و بەرگریكاری مافەكانی مرۆڤ ماڵكۆم ئێكس لە شاری نیویۆرك كرایەوە.
ماڵكۆم ئێكس كە یەكێك بوو لەو چالاكوانە رەشپێستانەی كاریگەرترین خەباتی لە دژی رەگەزپەرستی كرد لە 21ی شوباتی 1965د ا لە كاتی وتار پێشكەشكردندا لەلایەن سێ چەكدار هێرشی كرایە سەر و هەر لەو هۆڵی نمایشەدا مەراسیمی یادكردنەوەی بۆ سازكرا.
مەراسیمەكە لە ''ناوەندی شاباز'' بەڕێوەچوو كە دەكەوێتە گەڕەكی هارلێمی شاری نیویۆرك و ئەو گەڕەكەش بە دانیشتوانە رەشپێشتەكەی ناسراوە، ئەو ناوەندە لە ساڵی 2005ەوە بەناوی هاوسەرەكەی ماڵكۆم ئێكس بێتی شابازەوە دامەزراوە بەمەبەستی زیندووكردنەوە و بەرزراگرتنی ئەو چالاكییانەی وماڵكۆم ئێكس و بێتی لە ژیانیاندا ئەنجامیانداوە. لە مەراسیمەكەدا زیاتر لە 200 كەس بەشداری كرد لەنێو ئەوانیشدا هەریەك لە كچەكانی ماڵكۆم ئێكس ئیلیاسا، مەلاك و جەمیلە هەبوون.
مەراسیمەكە بە وەستانی رێز بۆ ماڵكۆم ئێكس دەستی پێكرد، دواتر هەمووان پێكەوە گۆرانی ''لیفت ئێڤری ڤۆیس ئاند سینگ''یان گوت كە بە ''مارشی میللی رەشپێستانی ئەمریكا'' ناسراوە.
پێشكەشكاری مەراسیمەكە كە پارێزەری رەشپێست لۆندڵ مەك میلان بوو رایگەیاند داوا دەكەین لەمڕۆ بەدواوە 19ی ئایاری هەموو ساڵێك وەك ''رۆژی نێودەوڵەتی ماڵكۆم ئێكس'' لە سەرانسەری جیهاندا پیرۆز بكرێت.
لە وتەیەكیشیدا لە مەراسیمەكەدا ئیلیاسا شابازی كچی ماڵكۆم ئێكس رایگەیاند باوكی كە لەتەمنی 39 ساڵیدا كوژراوە بەردەوام سەرگەرمی ئەوە بووە خۆی لەسەر رێگایەكی دروست پێبگەیەنێت.
جەختی لەوەش كردەوە خاوەندارێتی لە رێبازی باوكیان دەكەن بۆ ئەوەی خەباتەكەی بگەیەنن بە نەوەكانی داهاتوو.
- ژیانێكی پڕ لە خەبات
ماڵكۆم ئێكس كە ناوی خۆی 'ماڵكۆم لیتڵ'ە لە ساڵی 1925دا وەك كوڕی قەشەیەك بەناوی ئێرل لیتڵ لەدایك دەبێت كە باوەڕی وایە رەشپێستەكان لە ئەمریكا ناگەن بە ئازادییەكانیان و پێویستە بگەرێنەوە بۆ ئەفریقا.
لە تەمەنی 5 ساڵیدا ماڵكۆم باوكی لە تاوانێكی بكەر نادیاردا لەدەست دەدات و دایكیشی لە نەخۆشخانەی دەروونی دەخەوێنرێت. هەر لەبەر ئەوەش مناڵییەك لە هەژاری و نەداری و زەحمەت دەباتە سەر و دواتریش لە ساڵی 1946دا بەهۆی دزیكردنەوە زیندانی دەكرێت.
لەو قۆناغەدا ماڵكۆم تێكەڵاوی بۆچوونەكانی سەركردەی بزووتنەوەی نەیشن ئەڤ ئیسلام (نەتەوەی ئیسلام) (یاخود ئومەتی ئیسلام) دەبێت كە بزووتنەوەیەكە بەرگری لە رەشپێستان دەكات و ئەلیجا محەمەد سەركردەكەی دەبێت، ئێكس لە ساڵی 1952شدا لە زیندان دێتە دەرەوە دەچێتە نێو بزووتنەوەكەوە.
لەدوای ئەم مێژووەوە ناوی دووەمی خۆی دەكات بە ئێكس وەك گوزارشتێك بۆ ئەوەی كە خزمەتكارێكی بێ ناوی ئەو رێبازەیە كە گرتوویەتییە بەر. بەهۆی كەسایەتی كاریزمایی، ئەو وزەیەی هەیبوو، بێ پێچ و پەنایی وتەكانی و گەرمی ئەو وتارانەی پێشكەشی دەكردن لە ماوەیەكی كەمدا بووە یەكێك لە ناوە دیارەكانی بزووتنەوەكە.
بە تێپەڕبوونی كات لەسەر خاڵە جەوهەرییەكانی بزووتنەوەكە، ئەو رێگایانەی بەكاریدەهێنا و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە تێڕوانین لە دین هەبووە، ناكۆكی كەوتە نێوان ماڵكۆم ئێكس و ئەلیجا محەمەدەوە و سەرەنجام لە ساڵی 1964دا ماڵكۆم لە نەیشن ئەڤ ئیسلام جیادەبێتەوە.
لەكۆتا قۆناغی تەمەنیدا ماڵكۆم ئێكس پێی وابوو بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی ئەمریكی كێشەی رەگەزپەرستی چارەسەر بكات پێویستە لە ئاینی ئیسلام تێبگات و ئەو لەپێناوی مافی مرۆڤدا لەسەر بنەمای برایەتی نێوان رەگەزە جیاوازەكان خەباتی دەكرد، ماڵكۆم ئێكس لەو قۆناغەدا دەست بە بەكارهێنانی ناوی ئەلحاج مالیك ئەلشاباز كرد.
ماڵكۆم ئێكس لە 21ی شوباتی 1965دا لە كاتی پێشكەشكردنی وتارێكدا لە هارلێم، لەلایەن سێ چەكدارەوە هێرشی كرایە سەر و كوژرا. سێ كەس كە ئەندامی نەیشن ئەڤ ئیسلام بوون بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكە حوكم دران.
ئەو ژیاننامەیەی ماڵكۆم ئێكس لەگەڵ نووسەری رەشپێست ئەلێكس هاڵی نووسیویەتی و باس لە چیرۆكی ژیانی دەكات وەك یەكێك لە گرنگترین ژیاننامەكانی سەدەی 20 پیشان دەدرێت.