جێگری سەرۆكی گشتی ھوداپار حوسێن یڵماز لەمیانەی ناساندنی پاڵێوراوەكانی حزبەكەیان رایگەیاند "دانانی بەربەست بۆ رێژەی دەنگەكان دەبێتە رێگر بۆ چوونی بیروڕای جیاواز بۆ پەرلەمان. گوتیشی"بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستەی كە ئێمە وەكو ستەمێك دەیبینین بڕیارماندا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن بكەن.
ئەو ئاماژەی بەوەكرد كە دوو كێشەی گەورە لە توركیا پێویستە بە زوویی چارەسەر بكرێت یەكەمیان كێشەی كورد و ئەوەی دیكەش ھەڵگرتنی ئەو بەربەستانە كە لەبەردەم ژیانی ئیسلامیدا دروست كراون.
لە ھەمان كۆبوونەوەدا سەرۆكی ھوداپار زەكەریا یازیجیئۆغڵو ئاشكرای كرد كە لەسەر لیستی سەربەخۆ بۆ شاری دیاربەكر بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان دەكات. ئەو ئاماژەی بەوە كرد پێویستە ئۆپۆزسیۆنێكی ئیسلامیی لە پەرلەمانی توركیا بوونی ھەبێ. ھاوكات پێی وایە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا پێویستە دەستورێكی نوێ لە توركیا بنوسرێتەوە لەو بارەیەوە گوتی "دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر پڕۆسەی راگرتنی شەڕ ھاتن گوتییان"كێشەی كورد كۆتایی پێھات" بەڕێز سەركۆمار گوتی "كوردەكان كێشە نین كێشەكە لە سیستەمدایە، ئەگەر بەو مانایەی گوتبێت راستە سیستەم كێشەی ھەیە. ئەو كێشەیە سەدان ساڵە ھەبووە و ئێستاش بەردەوامە. ئەگەر ئێوە دەستورێكی نوێ نەنووسنەوە كە وەڵامی خواستی خەڵك بداتەوە، سەربەخۆ، بە تەواوەتی سڤیل و لەگەڵ بەھاكانی خەڵكدا بگونجێ ئەوە كێشەی سیستەم بەردەوام دەبێت".
بڕیارە كاندیدەكانی ھوداپار لە نۆ شاری توركیا لەسەر لیستی سەربەخۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان بكەن. ئەوانیش بریتین لە شارەكانی دیاربەكر، باتمان، بەدلیس، ئەدەنا، شرنەخ، وان، ئورفا، بینگۆڵ و ماردین.