ھەولێر
ئەرسارین کەزن بەرپرسی بەرنامەی خۆراک لە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP)، رایگەیاند "٢٠٠ ھەزار پەنابەر لە ھەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێن،
ئەرسارین کەزن بەرپرسی بەرنامەی خۆراک لە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP)، رایگەیاند "٢٠٠ ھەزار پەنابەر لە ھەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێن، لەنزیکەوە لە دۆخی ژیانی ئەوانمان کۆڵیەوەتەوە، ئەو ھاوکارییەی بە ئاوارەکانی سوریا دراوە لە کوردستان، لە زۆربەی ئەو وڵاتانە باشترە کە پەنابەری سورییان وەرگرتوە".
ئەرسارین کەزن، گوتیشی "زۆر سوپاسی حکومەتی ھەرێم و خەڵکی کوردستان دەکەین، کە ھاوکاری پەنابەرانیان کردووە، ئەمەش کارێکی باشە و جێگای دەستخۆشیە بۆ کوردستان".
کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش لە ھەولێر سازکرا بە ئامادەبوونی (دیندار زێباری) یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم، و ئەنتونیو گوتیریس سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان.
لە سەرەتای کۆنگرەکە (دیندار زێباری) یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "شاندی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەوە ھاتوەتە کوردستان تا لەڕەوشی پەنابەرانی سوری بکۆڵنەوە. ئەوان بارودۆخەکەیان بە باشی ھەڵسەنگاند، ئێمەش داوای ھاوکاری و کۆمەکی زیاترمان کردووە بۆ پەنابەران".
ئەرسارین کەزن گوتیشی "خۆراک دەدەینە سێ ملیۆن سوری ناو وڵات و ملیۆنێک و نیو ھاوڵاتی دیکە لە دەرەوەی سوریا، ئەوەش لەسەر ئێمە مانگانە ٣٠ ملیۆن دۆلار دەکەوێت".
ئەرسارین کەزن بەو شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی "سوپاسی ئەمریکاو یابان و کوەیت و چەند وڵاتێکی دیکە دەکەین کە ھاوکاری لێقەوماوانیان کردووە. ئێمە پێشنیاز دەکەین ئەو ھاوکاریانە زیاتر بن بۆ ئەوەی ئاوارەو لێقەوماوان لە دەست کەمیی خۆراک و کێشەکانی تری ژیانیان نەناڵێنن".
ھەروەھا داواشی لە ھەموو وڵاتانی جیھان کرد ، بێنە ناو بازنەی ھاوکاری و کۆمەک بۆ خەڵکی سوریا. تاوەکو وڵاتەکەیان جێنەھێڵن، چونکە ئەو کۆچکردنە کێشەکانی سوریا زیاتر دەکات .
(ئەنتونیو گوتیریس) سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە وەڵامی پەیامنێری (ئانادۆڵو) گوتی "ئێمە ئەو ئامارەمان لانیە بزانین بەھۆی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا رێژەی پەنابەرانی ئەو وڵاتە زیادی کردبێ بەڵام ئەوەندە دەزانین تادێ رێژەی پەنابەری سوری لە وڵاتانی عێراق، تورکیا، لوبنان و ئەردەن زیاد دەبێ".
ئەنتۆنیو وتیشی "بەگوێرەی دوا ئامار دەرکەوتووە، رۆژانە ھەشت ھەزار ھاوڵاتی سوری بەھۆی شەڕ و پێکدادانەوە وڵاتەکەیان بە جێدەھێڵن. تا ئێستا ملیۆنێک و ٩٠٠ ھەزار ھاوڵاتی سوری ماڵ و حاڵیان جێھێشتووە. لەمەودوا ھاوکاریەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەنابەرانی سوریا لە ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبن ".