دیاربەکر
پەرلەمانتاری سەربەخۆی شاری وان (ئایسەڵ توغڵوک) سەبارەت بە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا رایگەیاند: ئێمە دەزانین ھەمووی کێشەکان بە جارێک چارەسەر ناکرێن، چارەسەرکردنیان پێویستی بە ویست و کارێکی بەرفراوان ھەیە.
ئایسەڵ توغڵوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە میوانخانەی شارەوانیی دیاربەکر ئاشکرای کرد لەگەڵ شاندێکی بەدەپە سەردانی شاری ھەولێر و دواتریش سوریا دەکەن و گوتی "ئامانجی سەردانمان بۆ ھەولێر سەرکۆنەکردنی تەقینەوەکانی ھەولێرە، دواتر بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ھاوسەرۆکانی پەیەدە و رێکخراوە مەدەنییەکانی رۆژئاوا سەردانی سوریایش دەکەین".
توغڵوک لە درێژەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لەبارەی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا دایەوە و گوتی "لێدوانەکانی بەدەپە سەبارەت بەو پاکێجە لێدوانی ھاوبەش و رەسمی بەدەپەیە. ئەو پاکێجە لە ئاست گرنگیی قۆناخەکەدا نییە، ئەو ھەنگاوانەی کورد داوای جێبەجێکردنیانی دەکرد لە پاکێجەکەدا ئاماژەیان پێ نەکراوە".
توغڵوک گوتی "ئەگەر نەتوانین لەو قۆناخەدا بگەینە چارەسەر، ھەرھەموومان زەرەرمەند دەبین، ئێمە دەمانەوێ ئاشتی سەربکەوێ، دەبێ وەکو پرسی دابەشکردنی دەسەڵات سەیری پرسی کورد بکرێ. دەبێ ئیرادەیەک بۆ داننان بە مافی کورد ھەبێ، ئێمە دەزانین کێشەکان لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر ناکرێن، بەڵکو پێویستمان بە کار و کۆششێکی بەرفراوان ھەیە".
پەرلەمانتاری شاری وان باسی لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەبارەت بە کێشانەوەی ھێزە چەکدارەکان کرد و گوتی "سەرۆکوەزیر دەڵێ تا ئێستا ٢٠%ی ھێزە چەکدارەکان پاشەکەشەیان پێکراوە، منیش دەڵێم ئەو پاکێجە لە ئاست ئەو سەدا ٢٠دا نییە".
توغڵوک ھەروەھا گوتی "ئێمە دژی ئەوەین دانانی سیستەمی ھاوسەرۆکی، داننان بە ناوە ھەرێمییەکان و ھەڵوەشاندنەوەی قەدەغەی سەر پیتە کوردییەکان وەکو خێرکردنێک بە ئێمە لە قەڵەم بدرێ" و روونیکردەوە "سەردانی گوندێکی دیاربەکر بکەن، کەس باسی ناوی تورکی ئەو گوندە ناکا، تەنیا ناوی کوردی بەکار دەھێنن، خەڵک بۆ خۆی ئەو ھەنگاوەی جێبەجێکردووە. سیستەمی ھاوسەرۆکی قەدەغە کرابوو، ئێمە بە تێکۆشانی خۆمان ئەو سیستمەمان پەیڕەو کرد".
توغڵوک جەختی لەوە کرد "نابێ ئەم قۆناخە لەمە زیاتر دوا بکەوێ، چونکە دواکەوتنی دەبێتە رێخۆشکەر بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی، ئەگەر سەیری قەیرانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکەین ھەست بەو ھێز و لایەنانە دەکەین کە دەیانەوێ ئاستەنگ بخەنە بەردەم قۆناغی چارەسەر، ناکرێ ئەو پاکێجە وەک جێگرەوەی
قۆناغەکە سەیر بکرێ، پێویستە بە پەلە دەست بە جێبەجێکردنی ھەنگاوی دیموکراتیک بۆ چارەسەرکردنی بکرێ".
دوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە شاندی بەدەپە بەرەو ھەولێر بەڕێ کەوت.