وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری لە دەوری دووەمی سەرۆكایەتی ئۆبامادا دەستی بەكار كردووە و لە ٣٢٨ رۆژی پۆستەكەی ١٣٥ رۆژی لە دەرەوەی ئەمریكا بەسەر بردووە، ١١ جار بە ئەوەندەی ئەوەی دەوری جیھان بسووڕێتەوە ھاتووچۆی كردووە.
كیری ھەر مانگ بە لایەنی كەمەوە جارێك سەردانی وڵاتێكی دەرەوەی كردووە و لە ماوەی ٣٢٨ رۆژی پۆستەكەیدا سەردانی ٣٨ وڵاتی جیھانی كردووە. ماوەی فڕینی بە فرۆكە ٦٢١ سەعات و ٢٢ دەقیقە بووە، بە گشتی ٤٦١ ھەزار و ٥٩٠ كیلۆمەترە رێگا رۆیشتووە كە دەكاتە ١١ جار سوڕانەوە بە دەوری جیھاندا.
كیری پێوانەی لە دەستی وەزیری پێشووی ئەمریكا ھیلاری كلینتۆن دەرھێنا، كلینتۆن ساڵی ٢٠٠٩ بوو بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ٣٥٠ رۆژ لە كاتی پۆستەكەیدا لە دەرەوەی ئەمریكا بووە، سەردانی ١٠٢ وڵاتی جیھانی كردووە و یەك ملیۆن و ٣٥٧ ھەزار و ٩٦٤ كلیۆمەترە رێگا رۆیشتووە.
كیری كاتێك بووە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، یەكەمین سەردانی بۆ توركیا ساز كرد دواتر سەردانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای كرد. دوای دەستبەكار كردنی وەكو وەزیری دەرەوەی سەردانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، توركیا، میسر، سعودیە، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و قەتەری كرد. لە چوارچێوەی ھەوڵەكانیدا بۆ چارەسەر كردنی پرسی فەلەستین و ئیسرائیل چەندین جار سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە و ھەر دوو شاری رامەڵا و قودس، دوو شارن كە زۆر سەردانی كردوون.
لە چوارچێوەی ھەوڵدانەكانیدا بۆ چارەسەر كردنی قەیرانی سوریا، كیری لە دانووستانی بەردەوامدا بووە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی بە تایبەتی فەڕەنسا و بەریتانیا و تا ئێستا زیاتر لە شەش جار سەردانی پاریس و لەندەنی كردووە. بۆ گفتووگۆ كردن لە سەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران سێ جار سەردانی جنێڤی كردووە. زیاتر لە پێنج جار سەردانی وڵاتانی عەرەبی كردووە، لە نێو وڵاتانی عەرەبیشدا ئوردن تاقە وڵاتە كە زیاتر لە پێنج جار سەردانی كردووە.
كیری تەنیا یەكجار سەردانی ھەر یەك لە چین، ئەڵمانیا و روسیای كردووە. درێژترین سەردانی كیری بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بووە كە لە ٢١ حوزەیران دەستیپێكردووە و تا سێی تەمووز بەردەوام بووە. لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا كیری سەردانی قەتەر، ھیندستان، سعودیە، كوێت، ئوردن، ئیسرائیل، برۆنەی و چەندین وڵاتی دیكەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی كردووە.
لە ماوەی دوو مانگدا كیری سەردانی توركیای كردووە.