Fakhradin Ibrahim Mohammad
31 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2021
هەولێر - AA
دابەشکردنی ئەرک و کارەکان لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تاوتوێ کرا.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد.
دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە، هەر دوو سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی قوباد تاڵەبانی و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەرباز محەممەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا قسەیان بۆ میدیاکاران کرد.
لە سەرەتادا ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزووتنەوەى گۆڕان دەرباز محەممەد بە کورتی باسی لە هاوپەیمانییەتەکە کرد و گوتی: "هاوپەیمانی کوردستانی پێکهاتووە لە دوو هێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان. ئەم هاوپەیانییە یەکەمجارە لە نێوان ئەم دوو هێزە سیاسییە پێک دەهێنرێت و مەبەست لێی گەڕانەوەی ئومێدە لە پڕۆسەی سیاسی و بە تایبەتی کە لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا جۆرێک لە ئالۆزی هەبووە. مەبەستمان بەو هاوپەیمانییە سیمایەکی کوردستانی ئامادە بکەین".
دواتر سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان قوباد تاڵەبانی بۆ میدیاکاران دوا و لە بارەی کۆبوونەوەکەیان گوتی: "باسی مێکانیزیم و چۆنیەتی کارکردنی هاوپەیمانییەتەکەمان کرد و لێژنەکانمان دابەش کرد، بانگەشە دەستی پێکردووە و هەموو هێزەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ لە پێناو سەخستنی هاوپەیانییەتەکەمان بۆ ئەوە پێکەوە بە بەهێزە لە بەغدا بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین".
رۆژی پێنجشەممە هەر دوو سەرکردەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی و بزووتنەوەی گۆڕان عومەری سەید عەلی لە راگەیاندراوێکدا، قوباد تاڵەبانی-یان وەک سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان دیاری کرد و بڕیاریاندا لیژنەکانی هەڵبژاردنی هەر دوو لایەن ئامادەکاریی و هەماهەنگی نێوانیان چڕ بکەنەوە.
بڕیارە رۆژی ١٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت.