Dlshad Saifaalddin Ahmed
29 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2019
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-یان لە شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبە کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر رایگەیاند کە ئامانجی سەردان و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە مەبەستی ھاوکاریکردنە لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی شارەکە و بەڕێوەبردنی و گوتی:
"لەو پرسە نیشتمانییانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە دەتوانین ھاوکاری بکەین و یەک دەنگی و یەک ئاراستەیی زیاتر دروست بکەین، ھەروەھا لەسەر ئەو پرسانەشی کە پەیوەندی بە نەتەوەکەمانەوە ھەیە ھەماھەنگی بکەین".
لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوەش کرد لە سەردان و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن کە ھەوڵی زۆریان داوە و بەردەوامیش دەبن لە باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان کە دوو رێککەوتنی سیاسی لەنێوانیان ھەیە و رێککەوتنێکی تایبەتیشیان لەسەر کەرکووک ھەیە و پابەندبوون پێیەوە، چاوەڕێی ئەوەش لە لایەنی بەرامبەر دەکەن زیاتر پابەند بێت بەو رێکەوتنانەوە.
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستیان بەوە ھەیە کە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام بدەن، دواتریش پێکەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی سێقۆڵی ساز بکەن.
لەتیف شێخ عومەر لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەن و پارێزگاری پارێزگای کەرکووک گوتی: "لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنێکمان ھەیە لە بارەی کەرکووک و تیایدا ھاتووە کە ھەلێکی زۆر بدرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی شارەکە بۆ قەناعەت پێکردنیان و گفتوگۆ لەسەر کاندیدێکی ھاوبەش کە ئێمە ھەمانە تاوەکو ببێت بە کاندیدی ئەوانیش و ھەموو پشتیوانی بکەین بەرامبەر بە رێککەوتنێکی ھەمە لایەنە، ھەروەھا ئەوەش ھاتووە کە ئەگەر نەمان توانی ئەمە بکەین لەگەڵ لایەنەکان ئەوکات دەتوانین وەک لیستی برایەتی بەپێی رێوشوێنە یاساییەکان پارێزگارەکە ناوبنێین، بەڵام ئەوەی پێویستە نەکراوە".
لە لای خۆیەوە بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، عومەر محەمەد خۆشحاڵی خۆی بەسەردان و کۆبوونەوەی نێوانیان ئەنجامدا و جەختیکردەوە لەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان پێویستیان بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ھەیە لەبەرامبەر پێشھاتەکانی ناوخۆ و دەرەوە.