Heman Hussein Yaseen
02 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2024
هەولێر - AA
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی 'میدیا و کاندید لە بانگەشەی هەڵبژاردندا' لە نووسینی پسپۆڕی ڕاگەیاند و پەیوەندییە گشتییەکان، دکتۆر تارق جەوهەر سارمەمی کە تیاییدا تیشکخراوەتەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن،دەرکەوتنی میدیایی، بەبازاڕکردنی سیاسیی، هونەری گوتاربێژی و زمانی جەستە.
کتێبەکە وەک ڕێبەرێکی پوخت یارمەتی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەدات بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوانە بگرنەبەر کە پێویستن لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا.
کتێبەکە لە شەش بەش و ٢٧٦ لاپەڕە پێکهاتووە، بەشی یەکەم تایبەتە بە بەرنامە و پلان و ستراتیژییەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەشی دووەم تەرخانکراوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی کاندید و کەسە گشتییەکان لەگەڵ میدیا و ڕۆژنامەنووساندا، بەشی سێیەم تایبەتە بە بە بازاڕکردنی سیاسیی لەکاتی هەڵبژاردندا، کە بەشی چوارەمدا باس لە ڕۆڵ و کاریگەری ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراوە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەشی پێنجەم تەرخانکراوە بۆ قسەکردن لەسەر هونەری گوتاربێژیی و چۆنیەتی گەشەپێدانی توانای گوتاردان، لە بەشی کۆتاییشدا باس لە کاریگەرییەکانی زمانی جەستە و چۆنیەتی بەکارهێنانی لە کاتی چاوپێکەوتن و گوتاردان لەبەردەم میدیا و جەماوەردا کراوە.
نووسەری کتێبەکە، تارق جەوهەر سارمەمی لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم کتێبە تایبەتە بە بابەتی میدیا و بانگەشەی کاندید لە هەڵبژاردندا، ئەم بابەتە ئەزموونی زیاتر لە بیست ساڵە لە بواری میدیا و هەڵبژاردن و کاری پەرلەمانییدا، ئامانجمان ئەوە بوو ئەم بۆشاییە پڕ بکەینەوە کە لە کتێبخانەی کوردییدا هەیە، نەخشەڕێگایەک تا ئێستا نەبووە بەشێوەیەکی بابەتییانە کە ڕێگا بۆ کاندیدەکان خۆش بکات کە چۆن دەچنە ناو بانگەشەی هەڵبژاردن".
تارق سارمەمی گوتیشی: "لەم کتێبەدا نەخشەڕێگاکان دیارییکراوە، بەشی یەکەم تایبەتە بە بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕێکارە یاساییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانی هەڵبژاردن و چۆنیەتی پاراستنی کاندید لە سزای یاسایی لەکاتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆشنبیرییەکی باشی تێدایە، هەروەها باس لە مامەڵەکردنی کاندید لەگەڵ میدیادا و بابەتی کاریگەری زمانی جەستە لەسەر جەماوەر ڕوونکراوەتەوە کە هەموو کاندیدەکان بۆ هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن دەتوانن سوودی لێ وەرگرن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوو هەفتەی ئایندە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات کە بریتییە لە کۆمەڵێک ئامراز و چالاکی ڕێگاپێدراو کە حزب و هاوپەیمانییەتییە سیاسییەکان و پاڵێوراوان بەکاریدەهێنن بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر دەنگدەراندا هەبێت و متمانەیان پێ بکەن.
جێی ئاماژەیە بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، پڕۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت کە تیاییدا ١٣٩ قەوارە و بەربژێر بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن کە لە نێویاندا ٣٩ بەربژێری پێکھاتەکان ھەن.