Muhammet Ali Kemal
17 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
بۆجنورد - AA
پێنج هەزار خێزانی کورد و تورکی کۆچەریی لە پارێزگای خوراسانی باکوور، باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، بە شێوەیەک کە پابەندی دابونەریتەکانیانن، ژیان دەگوزەرێنن.
لە شاری ئاشخانە و لە تەنیشت دەواری کۆچەرییەکانەوە، سەرۆکی کۆچەرییەکانی پارێزگای خۆراسانی باکوور، محەمەد رەزا گوڵیپور زانیاریی سەبارەت بە کۆچەرییەکانی پارێزگاکە دایە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو.
محەمەد رەزا گوڵیپور گوتی: ''لە خۆراسانی باکوور پێنخ هەزار و ٣٥٠ خێزانی کورد و تورکی کۆچەریی هەن. لەسەدا ٩٠یان کوردن و لەسەدا ١٠یان تورکن. گەورەترین خێڵی کۆچەریی کوردەکان زەعفەرانلو و هی تورکەکانیش شادلوە''.
محەمەد رەزا گوڵیپور ئاشکرای کرد ئەو ناوچەیەی کە کۆچەرییەکان لە زستاندا لێی دەژین ٢٥٠ کیلۆمەتر لەو کوێستانەی لە هاویندا ژیانی لێ بەسەردەبەن، دوورە، گوتیشی: ''زستانان روودەکەنە بەرزاییەکانی مەراوە لە پارێزگای گوڵستان و هاوینانیش دەچنە هەریەک لە کوێستانەکانی سالوک، گولول و شاخجیهان لە پارێزگای خۆراسانی باکوور''.
سەرۆکی کۆچەرییەکانی پارێزگای خۆراسانی باکوور، محەمەد رەزا گوڵیپور تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کۆچەرییەکان لەسەدا دووی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە پێکدەهێنن و لەسەدا ٣٥ی بەرهەمی شیری خۆراسانی باکوور بەرهەم دەهێنن، گوتیشی: ''کۆچەرییەکانی ئێرە بە کارە دەستییەکانیان بەناوبانگن. خاولی و حەسیر و گۆرەوی دەچنن. زۆرینەی بەرهەمە دەستییەکانیان خۆیان بەکاری دەهێنن و هەندێکیشی دەفرۆشن''.
محەمەد رەزا گوڵیپور باسی لەوەکرد کە کۆچەرییەکان بزن و مەڕ بەخێودەکەن و دەوارەکانیان لە مووی بزن دەچنن و گوتی: ''تایبتەمەندیی ئەو خێوەتانە ئەوەیە کە کاتێک باران دەبارێت، دەچێتەوە یەک و ناهێڵێت بارانەکە دابدات و لە کاتێکیشدا کە کەشوهەوا گەرمە فراوان دەبێت و هەواگۆڕکێ ئاسان دەکات''.
سەرۆکی کۆچەرییەکانی پارێزگای خۆراسانی باکوور، محەمەد رەزا گوڵیپور جەختی لەوەکردەوە کە تایبەتمەندییەکی گرنگی کۆچەرییەکان بریتییە میواندۆستییان و یەکتری بانگێشتی خێوەتەکان دەکەن و گوتی: ''ئێمە لە مانگی تشرینی دووەمدا بۆ ناوچە گەرمەکان و لە مانگی ئایاریشدا بەرەو کوێستانەکان کۆچ دەکەین''.