Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەحمود محەمەد رایگەیاند "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت و لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر بەدیلەكەی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا دەكرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە سەركردایەتی سیاسی كورد هەیە لەسەر بەدیل ئەوەیە كە دەبێت گرەنتی ئایندەی گەلی كوردستان بكات، ئەویش ئەوەیە كە خەڵك دەیەوێ بزانێ ریفراندۆم دوابخرێت بۆ كەیی و لە دوای ئەوەی دواخرا دان بە ئەنجامی ئەو ریفراندۆمە دەنرێت یان نا؟".
مەحمود محەمەد لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەگەڵ حكوومەتی عێراق و حكوومەتی وڵاتانی دەورووبەر بەردەوامین لە دانوستان و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا شاندێكی هەرێمی كوردستان كە پێشتر چووبوونە بەغدا، جارێكی تر سەردانی بەغدا دەكەنەوە و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی كۆدەبنەوە سەبارەت بەو بابەتانەی پێشتر راگەیەنراون و بە دواداچوونی بۆ بكەن، بڕیاربوو ئەوان بێنەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام دیارە بەهانەیەك دەهێنرێتەوە و ئێمەش نامانەوێت ئەو بەهانەیە ببێتە رێگر لەبەردەم گفتوگۆكانمان".
گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی گوت "رێكکەوتنی ئەمجارەمان لەگەڵ بەغدا، ئەوەیە كە باس لەوە دەكەین وڵاتی ئێمە كە كوردستانە وڵاتێكی سەربەخۆ و دراوسێی عێراق بێت. هەروەها ئەم هاتنە سەر هێڵەی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و بەریتانیا و وڵاتانی تر بۆ ئەوەیە بە شێوەیەك گفتوگۆكان بەڕێوەبچێت كە گرژی و كێشەی لێنەكەوێتەوە، ئێمەش ئەوەمان دەوێت و دەمانەوێت ئەو هەوڵەی دەیدەین بۆ دروستبوونی دەوڵەتێكی تازە لەم ناوچەیەدا، لەدایكبوونێكی سروشتی بێت بە بێ كێشە و بە شێوەیەكی مەدەنیانە و ئاشتیانە بێت و زمانێكی هاوبەش بدۆزینەوە".
مەحمود محەمەد هەروەها گوتی: "مەبەستی سەردانەكە گفتوگۆكردنە لەسەر پرسی ریفراندۆم و قۆناغی دوای ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا، هەروەها ئەوەی لەوانیش بگەیەنین و قەناعەتێكیان بۆ دروست بكەین كە ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتێكی سەربەخۆ بین، بابەتەكە تەنها بابەتێكی نەتەوەیی سەرف نییە، بەڵكو یەكیان بابەتێكی نەتەوەیی و ئەو كارەساتانەی بەسەرمان هاتوون دووبارە نەبنەوە، ئەوەی تریش ئەوەیە ئێمە جیاوازیمان هەیە لە شێوازی بەڕێوەبردنی حكوومەت لەم وڵاتەدا، ئێمە ناتوانین وەك ئەوەی ئەوان دەیانەوێت شێوازێكی مەزهەبی تائیفی دەسەڵات بكەین".
گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەحمود محەمەد لە بارەی كاردانەوەی سەركردایەتی سیاسی كورد لەگەڵ گوشارەكان و دەنگە ناڕازییەكان گوتی: "لە سەرەتاوە پێشبینی ئەوەمان كردبوو كە پێشبینی و دەستكەوتەكانمان زیادی دەكرد گوشار لەسەر ئێمە زیادی دەكرد و پیلانگێڕییەكان لەسەرمان زیاتری دەكرد، ئێستاش پێشبینی ئەوەمان دەكرد كە باسی بابەتێكی هەستیار دەكەین ئەوكات بەدڵنیاییەوە عێراق و وڵاتانی تریش كە بەرژەوەندییان لەگەڵ عێراق و دەورووبەریش هەیە هەستیاری پیشان بدات بەرامبەر ئەو بابەتە، بۆیە پێشبینی ئەوەمان دەكرد لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی داواكارییەكانمان، ئاستی گوشارەكان و هەوڵەكانیش دژ بە ئێمە زیاد بكات".