خورماتوو
دوای ئەوەی ژمارەیەك لەپاسەوانەكانی لیوای تایبەتی سەركۆماری عێراق لەرێگەی عوزێمەوە كە تا ئێستا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داخراوە دەگەڕێنەوە، چوار پاسەوانییان دیارنامێنن و بە پێی گوتەی خۆیان ژمارەیەكیانیش لەلایەن حەشدی شەعبییەوە سوكایەتیان پێدەكرێت و لەبازگەی ئامرلی كە 30 كیلۆمەتر لەخورماتووەوە دورە بەپێ دەنێردرێنەوە بۆ خورماتوو. لەدیار نەمانی ئەو چوار پاسەوانەش پەنجەی تۆمەت بۆ حەشدی شەعبی درێژكرا چونكە حەشدی شەعبی سوكایەتی بەژمارەیەك لەپاسەوانەكانی سەركۆمار كرد لەبازگەی ئامرلی و تا ئێستاش هیچ چارەنووسێكی ئەو چوار پاسەوانە دیارنییە و نازانرێت لەكوێن.
بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی حەشدی شەعبی لەمیحوەری باكوور سەید عەلی هاشم ئەلحوسەینی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوگوتی: "حەشدی شەعبی بەرپرس نییە لەهەموو ئەو كردە تیرۆریستیانە و كوشتن و بڕینە كە لە سنووری خورماتوو روودەدات، ئێمەش بەفەتوای عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان لەعێراق هاتووین بۆئێرە و بەفەرمانی هیچ حزب و سەرۆكێكیش نەهاتووین".
سەید عەلی گوتیشی: "سەبارەت بەو چوار برایەمان كە دیار نەماون ئێمەش هەوڵ دەدەین وەك چون هەمووان هەوڵ دەدەن چارەنووسیان بزانین و رزگاریان بكەین لەدەست ئەو تیرۆریستانەی كە بێسەرو شوێنیانیان كردووە، هەموو ئەو تۆمەتانەش رەت دەكەینەوە كەدەڵێن حەشدی شەعبی دەستی هەیە لەدیار نەمانی ئەو چوار پاسەوانە. ئەو تۆمەتانەش نوێ نیین سەبارەت بە حەشدی شەعبی و لەسەر ئاستی عێراق تۆمەتی بۆ درووست دەكرێت، چونكە حەشدی شەعبی ئێستا رۆڵی خۆی هەیە لەنێۆ عێراقدا و هەركەسێكیش رۆڵی هەبوو تۆمەتی زۆری بۆدروست دەكرێت".
سەبارەت بەو لایەنەی كە چوار پاسەوانەكەی بێسەروشوێن كردووە سەید عەلی هاشم ئەلحوسەینی گوتی: "ئەوكارە لەكردەوەی داعش دەكات و هیوادارم هێزی پێشمەرگە رۆڵی حەشدی شەعبی لەپێش چاوبێت كە چۆن شان بەشانیان لەبەرەكانی جەنگ لەسنووری خورماتوو شەڕیان كردووە و هیچ تۆمەتێك بۆحەشدی شەعبی دروست نەكەن".
هەر لەو بارەیەوە بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان مەلاكەریم شكور بۆئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئیستا هیچ شتێكمان سەبارەت بەچارەنووسی ئەو چوار پاسەوانەی سەركۆمار دەست نەكەوتووە و هەندێك هەواڵ لەچەند شوێنێك بڵاو بووەتەوە سەبارەت بەچارەنووسیان هەمووی دوورە لەراستییەوە و تا ئێستا كەس نازانێت چارەنووسیان چییە".
مەلاكەریم گوتیشی: "هەوڵەكانمان چڕكردوەتەوە لەگەڵ قایمقامی خورماتوو بۆ ئەوی بەئەنجامێك بگەین سەبارەت بەچارەنووسان بەڵام تا ئێستا هیچ شێتێكمان بەردەست نەكەوتووە و لەكۆبوونەوەی لایەنەكانی سیاسی خورماتووش باسمان لەو كێشەیە كرد و بڕیار درا بەهەموو لایەك هەوڵ بدەن بۆ دۆزییەوەیان".
مەلاكەریم ئاماژەی بۆئەوەشكرد: "دیارنەمانی ئەو چوار پاسەوانەی سەركۆمار گاریگەریی كردووەتە سەر دۆخی تەناهی خورماتوو و دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆز كردووە، هەروەها لیژنەیەكیش لەبەغداوە هاتوون بۆ خورماتوو لەگەڵ قایمقامی خورماتوو كۆبوونەتەوە سەبارەت بەدیار نەمانی ئەو چوار پاسەوانە و بڕیار دراوە لێكۆڵینەوەی بۆ بكرێت لەلایەن ئەو لیژنەیەوە".
چوار پاسەوانەكەی سەركۆماری عێراق لە رێگای عووزێم دیار نەماوون كەلە ژێر كۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبیدایە بۆیە سەرەڕای رەتکردنەوەیان حەشدی شەعبی بە تۆمەتباری سەرەكی ئەو كارە دادەنرێت.