هه‌ولێر
له سه‌روبه‌ندی هه‌مواركردن و پێداچوونه‌وه‌ی بڕگه و مادده‌كانی پرۆژه ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، چالاكوانی یاسایی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و به‌شێك له په‌رله‌مانتارانی خولی پێشوو ده‌یانه‌وێت، چاودێری كاری لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه و سازان له‌سه‌ر ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
رۆژی پێنجشه‌ممه سه‌نته‌ری سه‌وا گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی بۆ ژماره‌یه‌ك له یاسا ناسان و رۆژنامه‌نووس و چالاكوانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئێستا و پێشوو سه‌باره‌ت به پرسی ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا.
به‌رپرسی سه‌نته‌ری سه‌وا به‌ختیار محه‌مه‌د رایگه‌یاند: "ئامانج له‌م گفتوگۆ و دیدارانه بۆ ئه‌وه‌یه كه یاسا ناسان و رۆشنبیران، پێكه‌وه ئه‌و تێبینی و سه‌رنجانه‌ی هه‌یانە له‌سه‌ر پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێم به‌ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه بیخه‌نه‌ڕوو".
گوتیشی: "لیژنه‌یه‌كی سێبه‌ر له یاسا ناس و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی خولی پێشوو و كه‌سانی رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس پێك ده‌هێنین، له هه‌مان كاتدا چه‌ند گفتوگۆیه‌كی تر سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجام ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و سه‌رنج و تێبینیانه‌ی كه له‌سه‌ر ره‌شنووسی ده‌ستوور هه‌یه بگه‌یه‌نرێت به لیژنه‌کەی په‌رله‌مان".
دوێنێ چوارشه‌ممه په‌رله‌مانی كوردستان، ناوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری و سازان سه‌باره‌ت به ره‌شنوسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، په‌سه‌ند كرد.
ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان سالار مه‌حموود گوتی: "ئه‌و لیژنه‌ی په‌رله‌مان سێ مانگی له به‌رده‌مدایه و پێویسته به هه‌موولایه‌كمان هه‌وڵ بده‌ین، پێكه‌وه بگه‌ینه ئه‌نجامێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان دوای 23 ساڵ له حكومڕانی ببێته خاوه‌نی ده‌ستوور".
گوتیشی: "پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان، له ساڵانی رابردوو به‌نیاز بوو ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بخاته راپرسیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ دوو خولی تر درێژ بكرێـته‌وه. به‌ڵام لایه‌نه‌كانی تر رازی نه‌بوون".
سالار مه‌حموود كه ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه له په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر سازانی لایه‌نه‌كان كرده‌وه، كه به‌گوته‌ی ئه‌و هه‌رێمی كوردستان پێویستی به سازان و ته‌وافوق هه‌یه له‌نێوان لایه‌نه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌نجامێك سه‌باره‌ت به پرۆژه ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان.