ههولێر - شوان سدیق
سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی ئەمە لایەنەكانی لە هەرێمی كوردستان، كردووە بە دووبەرەوە، كە هەریەكەیان و جۆرە سیستەمێكیان بەلاوەگرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەم دووبەرەیە ئەگەر بەراوردی ژمارەی كورسیەكانیان بكرێت، لەپەرلەمانی كوردستان ئەوا بەرەی سیستەمی پەرلەمانی زۆرینەن. لەگەڵ ئەوەش سازان و تەوافوقی سیاسی نێوان لایەنەكان خاڵێكی بەهێزە بۆ ئەوەی حزبەكان لە پەرلەمان بگەنە ئەنجامێك.
ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، لەپەرلەمانی كوردستان، قارەمان قادر دەڵێت: "وەكو بزووتنەوەی گۆڕان پێمان گرنگە سیستەمی سیاسی لە كوردستان هاوتای عێراقی فیدراڵ بكرێت، سیستەمەكە بكرێت بە پەرلەمانی".
فراكسیۆنی گۆڕان دووەم فراكسیۆنە و 24 كورسی هەیە لە پەرلەمان، ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت: "سیستەمی پەرلەمانی بۆ ئێمە گونجاوترەو دەبێت سەرۆكی هەرێمیش لە پەرلەمانی هەڵببژێردرێت نەك راستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتییانەوە".
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان، سێیەم هێزە لەئاستی جەماوەری لە پەرلەمانی كوردستان، ئەو حزبە خاوەنی 18 كورسیە و هاوپەیمانی ستراتیجی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە پێكەوە چەندین ساڵە هەرێم بەرێوە دەبەن، زیاتر جەخت لەسەر سیستەمی پەرلەمانی دەكاتەوە.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە فراكسیۆنی سەوز سەعید مەسیفی بۆ چوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەی دیاریكردنی سیستەمی سیاسی لە كوردستان دەڵێت "فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان، بەپێویستی دەزانێت، هەموولایەنەكان پێگەوە بسازێن بۆ دیاریكردن و نووسینەوەی سیستەمێك بۆ هەرێمی كوردستان، لە پاڵ ئەوەش پێمان باشە سیستەمەكە پەرلەمانی بێت، لە پەرلەمان بەزۆرینەی دەنگ هەموو پرسەكان یەكلای بكرێتەوە".
مەسیفی گوتیشی: "كە سیستەم بووە پەرلەمانی، دەبێت سەرۆكی هەرێمیش هاوشێوەی كابینەی حكوومەتی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان دیاری بكرێت".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر فراكسیۆنی ی.ن.ك ئاماژە بەوەدەكات، ئەو سیستەمەی ئێستا لە كوردستان هەیە سەرۆكایەتیە نەك پەرلەمانی چونكە سەرۆك لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەڵدەبژێردرێت.
سەعید مەسیفی گوتیشی: "راستە تا ئێستا سەرۆكی هەرێم هیچ بڕیارێكی تاكڕەوانەی نەداوە، هەر شتێك بووبێت بە پرسی پەرلەمان بووە بۆ نموونە جوڵاندانی هێز بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبانێ".
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی سەوز ئاماژەی بەوەشكرد "ئێمە ترسمان لەوەیە كە سیستەمەكە سەرۆكایەتی بێت، پیمانباشە هەموو پێكهاتەكان بەشداری لەدەسەڵاتدا بكەن و وەك كابینەی هەشتی هەرێم بەڵام ئەگەر سەرۆكایەتی لەلایەن پەرلەمانەوە دیاری بكرێت هەموو ئەندامانی پەرلەمان كە نوێنەری لایەنەكانن بەشدار دەبن لە باشی و خراپی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی".
ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی سەلیم كۆیی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "لەهەرێمی كوردستان تا ئێستا بڕیارەكان بە تەوافوقی سیاسی بەڕێكراوە، لە ئاستی سەرۆكی هەرێم و حكوومەت و پەرلەمانیش یەكێك لەو گرفتانەی تەوافوقیش ئەوەیە كەماوەی سەرۆكی هەرێم درێژكرایەوە، سێ مانگی ماوە".
سەلیم كۆیی كەهاوكات بەرپرسی مەڵبەندی سێی ئەو حزبەشە لە شاری هەولێر دیدو بۆچوونی حزبەكەی زیاتر لە بارەی رەوشی سیاسی لە هەرێم و هەنگاوەكان خستەڕوو و گوتی: "تا ئێستا دیارنییە ئایا چۆن چارەسەری ئەم پرسە دەكرێت، سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێرتەوە، یان بەهەڵبژاردنی گشتی دیاری دەكرێت، دەبوو دوای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێم میكانزمێك هەبوایە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە بەڵام لەبەر ئەوەی تەوافوقێكی خراپ كرا هیچ رێگایەكی تر نەماوەتەوە، دەبێت دەرچەیەك بۆ ئەم پرسە ببینرێتەوە، بۆ دەرباز بوونی هەرێم لەم قەیرانە بۆیە جارێ سیستەم سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی ئەوە بابەتێكی ترە".
بەبروای ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی كە لە پەرلەمانی كوردستان شەش كورسیان هەیە سیستەمی پەرلەمانی بۆ كوردستان گرنگترە لە سەرۆكایەتی.
سەلیم كۆیی دەڵێت: "سیستەمی پەرلەمانی بۆ ئێمە باشترە، راستە سەرۆكایەتیش گونجاوە بەڵام ئەو سیستەمە بۆ دەوڵەتێكی سیستەمە و پێشكەوتوو گونجاوترە، چونكە لە هەرێمی كوردستان، نەسیتەمێكی پێشكەوتوومان هەیە نەیاسا و كاروباری وڵاتیش بەو ئەندازە پێشكەوتووە".
تەوافوقی سیاسی بۆ یەكلای كردنەوەی دانانی سیستەمێكی گونجاو پێویستە بەتایبەتی لە نێوان پێنج لایەنە سەرەكیە.
بەبڕوای سەلیم كۆیی: "هەموولایەنەكان بەتایبەتی گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كۆكن لەسەر ئەوەی سیستەمی سیاسی لە وڵات پەرلەمانی بێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەی پێ باش نییە".
هەرچەندە لایەنەكانی سیاسی بەتایبەتی گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی دیدیان لەبارەی یەك نزیكترە و پێیانوایە سیستەمی ئێستای هەرێم پەرلەمانی تەواو نییە بۆیە سیستەمی پەرلەمانی بۆ هەرێم گونجاوترە.
بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەڕووی ژمارەی كورسی و جێنفوزی جەماوەری لە هەرێمی كوردستان، زۆرینەو لە 100 كورسی پەرلەمان لەنێو لایەنە كوردیەكاندا 38 كورسی هەیە. پێوایە كە سیستەمی سیاسی لە كوردستان، سەرۆكایەتی نییە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پ.د.ك ئومێد خۆشناو بۆ ئانادۆڵو گوتی "سیستەمی سیاسی لە كوردستان ئەمڕۆ پەرلەمانیە نەك سەرۆكایەتی".
خۆشناو پێداگیری حزبەكەی لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە بەپێویستی دەزانن ئەو سیستەمەی ئێستا وەكو خۆی بمێنێتەوە و سەرۆكی هەرێم لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەڵببژرێردێت، بەڵام بۆ چوونی چوار لایەنەكەی تر بەپێچەوانەیە.
ئومێد خۆشناو گوتی: "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەین، سەرۆك لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەڵببژێرێت، چونكە پێمانوایە بۆ پرۆسەی دیموكراسی باشترە و سیستەمیش ناگۆڕیت چونكە ئەو سیستەمەی ئێستا پەرلەمانیە".
پرسی دەستووری هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگە لەسەر دیاریكردنی شێواز و چۆنیەتی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان، لە ئێستادا لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ پێداچوونەوە و سازان سەبارەت بە رەشنووسی پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستان، لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دراوە، بۆ ئەوەی لەماوەی سێ مانگدا ئەو لیژنەی كە نوێنەری بەشی زۆری لایەنە كوردی و نەتەوەكانی تری تێدایە بگەنە ئەنجامێك بۆ دیاریكردنی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان. دواتر بخرێتە راپرسی.