ئۆرشهلیم
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو رایگەیاند بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئیسرائیل - فەڵەستین ئەو لایەنگری ''چارەسەرە لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتدا''.
بەپێی ئەو روونكردنەوەیەی لە نووسینگەی سەرۆكایەتی حكوومەتی ئیسرائیلەوە بڵاوكراوەتەوە ناتانیاهو لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا فێدریكا مۆگێرینی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە "ئیسرائیل و خودی خۆیشی راستگۆن لەگەڵ بوونی ئاشتیدا".
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو رایگەیاند "لە چەند هەفتەی رابردوودا 'هەنگاوی بەرجەستەی ئابووری و مرۆییامان ناوە' كە لەبەرژەوەندی فەڵەستینییەكان بووە و هاوكات لەهەوڵەكانمان بۆ ئاشتیبەردەوام دەبن".
ناتانیاهو ئاماژەی بەوەشكردووە ئەو لایەنگری چارەسەری یەك دەوڵەت نییە بۆ كێشەی ئیسرائیل - فەڵەستین و ''پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەكات، ئەم بۆچوونە دەوڵەتێكی جوولەكە دەناسێت و دەوڵەتێكی فەڵەستینی بێ چەك لەخۆ دەگرێت".
بە نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپاشی راگەیاندووە:" دەزانم ئێوەش هەمان ئامانجی هاوبەشتان هەیە لەگەڵ ئێمەدا و 'ئێوە وەكو دۆستێك بۆ بەرەوپێشبرنی ئەم كارە' دەبینم''.
- ''ئێران دوژمنی ئاشتییە''
لە كۆبوونەوەكەدا ناتانیاهو ئێرانی بە ''دوژمنی ئاشتی'' ناوزەند كردووە و رایگەیاندووە: " ئێران لە لوبنان حزبوڵڵا و لە غەززە حەماس پڕچەك دەكات و مەشقیان پێ دەكات، هاوكات ئێران سەرگەرمی كردنەوەی بەرەیەكی سێیەمە لە دژی ئیسرائیل لە جۆلان. لەپاڵ ئەمانەشدا درێژە بە بەرنامە ناوەكییەكەی دەدات و باوەڕم وایە ئەمە گەورەترین مەترسییە لەسەر ناوچەكە و جیهان. ترسی ئەوەم هەیە رێكەوتننامەی دووی نیسانی رابردوو لە لۆزان نەبێتە رێگر لەبەردەم ئێران بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ناوەكی".
ناتانیاهو راشیگەیاند: "لەبەر خاتری ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە و جیهان، پێویستە رێكەوتنێكی باشتر سەبارەت بە ( بەرنامە ناوەكییەكەی ئێران) بكرێت".
مۆگێرینی لە روونكردنەوەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستین لە رامەڵڵا رایگەیاند: "یەكێتی ئەورووپا لەگەڵ هاوبەشەكانیان، ئەمریكا، رووسیا و نەتەوە یەكگرتووەكان لەهەوڵی دۆزینەوەی رێگاچارەی ئەوەدان كەچۆن پرۆسەی ئاشتی دەستپێبكرێتەوە بۆ ئەوەی لەو ناوچەیەدا كە لاوازی ئاسایش هەیە دەوڵەتی فەڵەستین دابمەزرێت و لە ئاشتیدا بژێت".