Tuğrul Çam,Uğur Çil,Muhammet Ali Kemal
16 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2017
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئەوان چاوەڕێ دەکەن هەرێمی کوردستانی عێراق لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پێناو سەربەخۆییدا کە بڕیارە ٢٥ی ئەیلوول ئەنجامبدرێت، پاشگەزبێتەوە رایگەیاند ''لە کاتێکدا عێراق ئەو هەموو کێشەیەی هەیە، ریفراندۆم لە پێناو سەربەخۆییدا دۆخی وڵاتەکە خراپتر دەکات. خوانەخواستە تا جەنگی ناوخۆی دەبات''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەرەتە خەبەردا، روونکردنەوەی سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ دا.
مەولود چاوشئۆغڵو جەختی لەوەکردەوە کە بڕیاری هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێکی ئێجگار هەڵەیە و لەناو خودی هەرێمیشدا لایەنە سیاسییەکان مشتومڕیانە لەسەر ئەو بابەتە و رایگەیاند ''بە پێی ئەو زانیارییانەی لەوێوە بەدەستمان گەیشتووە، گەل هیچ جۆشو خرۆشێکی نییە و بایەخی پێنادات. خەمی خەڵک ئابوورییە. کیشەی جددیی ئابووریی هەیە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرنجی خستە سەر کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و باسی لە چۆنێتی وەرگرتنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی ناوەندیی، ئەو بڕە بوودجەیەی کە پێویستە وەریبگرێت، دابەشکردنی داهاتی نەوت کرد و رایگەیاند ''لە کاتێکدا عێراق ئەو هەموو کێشەیەی هەیە، ریفراندۆم لە پێناو سەربەخۆییدا دۆخی وڵاتەکە خراپتر دەکات. خوانەخواستە تا جەنگی ناوخۆی دەبات. ئەمە مەترسییەکی جددییە. ئێمە بە شێوەیەکی روون ئەوەمان پێ راگەیاندن کە دژی ئەمەین و بە پێویستی دەزانین کە ئەنجامی نەدەن و دەیڵێینەوە و بەردەوام دەبین لە گووتنەوەی. ئەگەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانی ئێمە سەبارەت بە چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوا ئەنجامی دەدەین''.
مەولود چاوشئۆغڵو جەختی لەوەکردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پشتیوانیی ریفراندۆم ناکەن و رایگەیاند ''ئێمە چاوەڕێ دەکەین هەرێم لە بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسیی پاشگەزبێتەوە''.
مەولود چاوشئۆغڵو ئاشکرای کرد کە تورکیا کێشەی لەگەڵ خوشک و برا کوردەکانی لە عێراق یان لە هیچ جێگەیەکی دیکە نییە و رایگەیاند ''ژمارەی ئەو خوشک و برا کوردانەمان کە لە سووریاوە هاتوونەتە لای ئێمە ٣٠٠ هەزار کەسە. زۆرینەیان بریتین لەو کەسانەی کە بە زۆر لە لایەن یەپەگەوە، راگوێزراون''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەکرد کە زۆرترین پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە لایەن وڵاتەکەیەوە کراوە و جەختی لە گرنگیی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد تورکیا بەردەوام دەبێت لە گوتنی ئەوەی دژی ریفراندۆمە.