سلێمانی
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای پەنابەرانی رۆژئاوا لە پارێزگای سلێمانی سەردانی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و چەند داواكارییەكیان خستە بەردەم پەرلەمانتاران.
دوای كۆبونەوەكە پەرلەمانتاری كوردستان و سەرپەرشتیاری نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان شێركۆ حەمەئەمین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ پێشوازیمان كرد لەسەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای پەنابەرانی رۆژئاوا لە پارێزگای سلێمانی، ئەوان كۆمەڵێك داواكارییان هەیە لە هاوكاری كردنی خوێندن و نیشتەجێكردن و هاوكاری كردنی رێكخراوەكان كە ماوەی شەش مانگە كەمی كردووە".
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "داواكاری سەرەكی پەنابەرانی رۆژئاوا گەڕانەوە و كارئاسانی كردنە بۆ گەڕانەوەی پەنابەرەكان بۆ كۆبانێ و گرێ سپی، وەك پەرلەمانی كوردستان كار لەسەر هەموو داواكارییەكانیان دەكەین و دەیگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار".
لەلای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای پەنابەرانی رۆژئاوا لە پارێزگای سلێمانی خالید عەبدوڵڵا گوتی: "دوای روداوەكانی رۆژئاوای كوردستان نزیكەی سێ ساڵە هاووڵاتییانی ئێمە وەك پەنابەر هاتونەتە هەرێمی كوردستان و لە شارەكانی هەرێم نیشتەجێبون، دوای ئازادكردنی كۆبانێ و گرێ سپی ژمارەیەكی زۆری پەنابەران دەیانەوێت بگەڕێنەوە ئەو دوو شارە بەڵام لە سنوورەكانەوە رێگریان لێدەكرێت بۆ گەڕانەوە".
ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی شارەكانی تری عێراقەوە، دۆخی پەنابەرانی رۆژئاوا خراپە و ماوەی شەش مانگە رێكخراوەكان وەك پێویست هاوكارییان ناكەن.
ئەو داوای لە حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان كرد رێگری و كارئاسانی بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی رۆژئاوا بكەن بۆ شارەكانی خۆیان.
خالید عەبدوڵڵا لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی ژمارەی ئەو كەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان گوتی: "پێشتر زیاتر لە 400 ماڵبات لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕاونەتەوە بۆ كۆبانێ، بەڵام لەو سنوورەوە رێگری دەكرێت و ئێستا زیاتر لە 100 ماڵباتی تر دەیانەوێت بگەڕێنەوە گرێ سپی، ئەگەر كارئاسانیان بۆ بكرێت ژمارەیەكی زیاتری ئاوارەكان دەگەڕێنەوە".
لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 29 هەزار پەنابەری رۆژئاوا هەیە، بەشێكی ئەو پەنابەرانە لە كەمپی باریكە و ئەوانی تر لە شار و شارۆچكەكان نیشتەجێن.