ھەولێر
جێگری بهرپرسی فهرمانگهی پهیوهندییهكانی دهرهوه بۆ كاروباری رێكخراوه نێودهوڵهتییهكان و سهرۆكی لیژنهی بهدواداچوون و وهڵامدانهوهی راپۆڕته نێودهوڵهتییهكان دیندار زێباری لەبارەی ئوپەراسیۆنی مووسڵ و ھاتنەوەی دووبارەی ئاوارەکان بەرەو ھەرێمی کوردستان داوای هاوکاری لە بەغدا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد و گوتی: "ئێمە لە کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی داین. لە ئێستادا بێجگە لە دانیشتوانی ھەرێم دوو ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی سەرەتایی هەیە لەوانەش خۆراک، پەروەردە و تەندروستی، ئەمەش تەنیا بە ھەرێم ناکرێ".
زێباری گوتی: "ئەگەر پلانێکی سەربازیی بۆ رزگار کردنی مۆسڵ و یا ھەر شوێنێکی عێراق ھەبێت، دەبێ بابەتی مرۆڤی لە بیر نەکرێت و داواکاری ئێمە لە بەغدا ئەوەیە کە بەر لەوەی بیر لە ئوپەراسیۆنی سەربازی بکات دەبێ بۆ ماوەی کاتیش بیر لەو ئاوارارانە بکاتەوە".
سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆڕتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی رێپدانی ھەرێم بە پەنابەران گوتی: "بەرپرسانی ھەرێم و سەرکردایەتی ھەرێم لە ئێستادا کەوتوونەتە ژێر فشارێکی یەکجار زۆر لە لایەن ھاووڵاتییانەوە، چونکە بنکەکانی خزمەتگوزاری لە ھەرێم بەشی ھاووڵاتییان هەرێم ناکات و رێژەی زۆری پەنابەرەکان وای کردووە لە رووی بەڕێوەبردنی ژیانی رۆژانە ھاووڵاتیانی هەرێم گوشاری بکەوێتە سەر و لە ئێستادا نەک ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری نییە بەڵکو ھەرێم توانای نەماوە و ناتوانی ئیتر ھیچ بارگرانییەک وەربگرێ ئێمە لە ئێستادا تەنیا ماوین".
دیندار زێباری باس لە ئاوارەکانی رۆمادی کرد و گوتی: "لە ئێستادا نزیکەی ٣٠هەزار خێزان لە شاری رومادی ئاوارە بوون و لە سەدا ٣٠ بۆ ٤٠ ی ئەو ئاوارانە بەرەو ھەرێم ھاتوون کە بە ھەزاران کەس دەبن".
لەبارەی ئاوارەکانی کۆبانێ، زێباری گوتی: "پێش ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھاوکاری رۆژئاوا بکات بە بڕیاری سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان یارمەتی بۆ رۆژئاوا نێردراوە و لە ٢٠١٤ ەوە تا ئێستا لەسەر داوای خۆیان و بە هاوکاری ئێمە زیاتر لە ٧ ھەزار ئاوارەی رۆژئاوا گەڕاونەتەوە، لەوانەش خەڵکی کۆبانێ".