Dilşad Seyfeddin Ahmed
21 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2015
ئەمڕۆ سێ پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دا بۆ روونكردنەوەی هەوڵەكانیان لە بەرامبەر هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گرتنەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییانەی كە لە ئێرانەوە دەڕژێنە خاكی هەرێمی كوردستان.
پەرلەمانتاری عێراق مەحموود رەزا ئەمین لە كۆنگرەكەدا گوتی: "دوای ئەوەی حكوومەتی ئێرانی دەستی بە گرتنەوەی رێڕەوەكانی ئاوی هەردوو ئاوی زمكان و سیروان كرد و لە كۆتایی مانگی رابردوودا ئاوی سیروان بە تەواوەتی بۆ ماوەیەك بڕی، وەك بەشێك لە پەرلەمانتاران لەسەرەتای ئەم مانگەدا سەردانی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان (لەسنوری پارێزگای سلێمانی)مان كرد و بەهاوكاری بەرپرسانی ئەو دوو بەنداوە دوو راپۆرتمان ئامادە كرد و گەیاندومانەتە وەزیرانی دەرەوە و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی عێراق".
ئەمین گوتی: "ئەو هەنگاوەی ئێران لەسەر هەردوو ئاوەكە بە درووستكردنی نۆ بەنداوی گەورە و پێنج بەنداوی بچووك و گۆڕینی رێڕەوەكانی ئاو، كێشەی گەورەی لە هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان درووست كردووە و دەبێتە هۆی وشكردنی 70 لەسەدی ئەو سەرچاوانەی كە دەڕژێنە دەریاچەی دەربەندیخان و 40 لەسەدی ئەو سەرچاوانەی كە دەڕژێنە دەریاچەی دوكانەوە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی كرد بەوەی، ئەو هەنگاوەی ئێران جگە لە مەترسی وشكبوونی هەروو بەنداوەكە، مەترسی گەورەی ژینگەیی و ئابووری لەسەر هەرێم دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كردووە دەستێوەردانی بەپەلە بكات.
هەروەها وەك پەرلەمانتارانیش لیژنەیەكیان درووست كردووە بۆ سەردانی ئێران و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لەسەر ئەو كێشەیە، لەناو پەرلەمانی عێراقیش وەك بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوتلەكانی جیاواز هەوڵی درووستكردنی لۆبی دەدەن.
پەرلەمانتارەكەی عێراق ئەوەشی گوت، "وشككردنی ئەو دوو سەرچاوە ئاوییە تەنها كێشەی بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان نابێت، بەڵكو كاریگەری لەسەر پارێزگای دیالە و كەمبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلەش دەبێت كە هەردوو ئاوەكەی تێدەڕژێت، هەروەها كاریگەری بۆسەر پارێزگای بەسڕەش دەبێت كە ئێستا كێشەی زیادبوونی رێژەی خوێ لە ئاوەكەی و كەمبوونەوەی ئاوی شیرینی هەیە".
پەرلەمانتار ئەمین بەكر گوتیشی: "لەگەڵ بەغدا باسی ئەو كێشەیەمان كردووە چونكە دەبێتە هۆی گەورەتركردنی قەیرانی ئاو لە عێراق و هەرێمی كوردستان كە وڵاتەكە خۆی قەیرانی ئاوی هەیە، بەڵام چارەسەركردنی ئەو كێشەیە هەوڵێكی گەورەی دیپلۆماسی دەوێت".
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هەوڵەكانی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "حكوومەتی عێراقی لەگەڵ توركیادا چەند رێككەوتننامەیەكی تایبەتی لەسەر پرسی ئاو هەیە، بەڵام لەگەڵ ئێران هیچ جۆرە رێككەوتنێكی نییە، پێشتریش لەسەر كێشەی وشككردنی ئاوی ئەڵوەن لە خانەقین سەردانی ئێرانمان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووینەوە و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكەیان پێداین بەڵام تائێستا ئەنجامی نەبووە".
پەرلەمانتارێكی دیكەی بەشدار لە كۆنگرەكەدا رەنگین عەبدوڵڵا گوتی: "ئەو كێشەیە لە دوو لاوە سەرچاوەی گرتووە، بەشێكی بۆ كەمتەرخەمی حكوومەتی ناوەند بەرامبەر هەرێمی كوردستان و بەشەكەی دیكەی بۆ پێشێلكردنی رێككەوتننامەكانی نێودەوڵەتی لە بارەی ئاوەوە دەگەڕێتەوە".