ئدلب
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ئۆپۆزسیۆنی سووریا توانیویەتی لە چەندین ناوچەی جیاجیا وەكو ئدلب، حەلەب، قەلەمون و دەرعا بە شێوەیەكی بەرچاو پێشڕەوی بكات. سەرەڕای هەموو هێرشەكانی، ماوەی دوو ساڵ بوو ناوچەكانی دۆڵی دایف و حەمدییە كە وەكو ناوچەی ئەفسوناوی لە دەستی رژێمدا بوون بەڵام رژێمی سووریا كۆنترۆڵی لەسەر هەر دوو ناوچەی وادی دایف و قشلەكانی سەربازی لە حەمدییە لەدەستدا و ئەو ناوچانە كەوتنە ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنەوە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە رژێم تووشی زەرەر و زیانی زۆر گەورە بووەتەوە.
سوپای فەتح كە وەكو پێكهاتەی هاوبەشی گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە پێش یەك مانگ و نیو لە شەڕێكی پێنج رۆژیدا توانی شاری ئدلب كۆنترۆڵ بكات و دواتر لە رۆژی 25ی نیسانی رابردوو جسرشغوریش لە لایەن سوپای فەتحەوە كۆنترۆڵ كرا. نەخۆشخانەی دەوڵەتی كە لە نزیك ناوچەی جسرشغوری سەر بە ئدلب بوو و لە لایەن رژێمەوە وەكو بڕیارگای سەربازی بەكار دەهێنرا، لە لایەن گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە دەورپێچ كراوە و دەگوترێت لەو نەخۆشخانەیەدا ژمارەیەكی زۆر ئەفسەری باڵای سوپای رژێم و زیاتر لە 200 سەربازی رژێم هەن و تا ئێستا هێزەكانی رژێم چەندین جار ویستوویانە ئەو گەمارۆیانە بشكێنن بەڵام هەوڵەكانیان بەبێ سوود بوونە.
هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دوای كۆنترۆڵ كردنی جسرشغور، رۆژی 27ی مانگی نیسانی رابردوو توانیویان سەربازگەی قرمید كە ناوەندێكی گەورەی رژێم بوو كۆنترۆڵ بكەن و دواتر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بە پێشڕەوی كردن بەرەو ناوەندی سەربازی ماستوما لە باشووری ئدلب كرد و ئەگەر بێت و ئەو ناوەندە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە كۆنترۆڵ بكرێت ئەوا لە دەستی رژێمدا تەنیا ناوچەی ئەریحا دەمێنێت كە حاڵی حازر تێیدا شەڕ بەردەوامە و دەكەوێتە نێوان سوپای رژێم و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن. دەگوترێت كە كۆنترۆڵ كردنی ماستوما لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە پرسێكی كاتییە و هەر كات ئەگەری كۆنترۆڵ كردنی ئەو ناوچەیە لە ئارادایە.
گوتەبێژی بەرەی ئیسلامی ئەحرارو شام ئەحمەد كارالی بە ئانادۆڵو گوتی: "دوای كۆنترۆڵ كردنی ئدلب و جسروشغور لە لایەن سوپای فەتحەوە، هێزەكانی سوپای فەتح بەرەو ماستوما پێشڕەوییان كرد و توانویانە چەندین گوند و گردی ستراتیجی نزیك لە ماستوما كۆنترۆڵ بكەن بۆیە كۆنترۆڵكردنی ناوچەی ماستوما و نەخۆشخانەكە كە وەكو ناوەندی سەربازی لە لایەن رژێمەوە بەكار دەهێنرێت بووەتە پرسێكی كاتی و هەركات ئەگەری كۆنترۆڵ كردنی لە ئارادایە".
سەرۆكی لێژنەی دادگای سوپای فەتح عەبدوڵڵا موهایسینی گوتی: "دوای كۆنترۆڵ كردنی یەكجارەكی ئیدلب هاوسەنگی شەڕ و ئاراستەی شەڕ گۆڕا و بەرەیەكی نوێ دەكەینەوە كە هاوسەنگییەكانی سەربازی نێوان هەردوولا دەگۆڕێت.
هەوڵەكانی هێزەكانی رژێمی سووریا لە ناوچەی پیشەسازی لە رۆژهەڵاتی حەلەب و رۆژئاوای ئەو ناوچەیەدا بەرەو ناوەندی شار دەیانەوێت پێشڕەوی بكەن تا بەو جۆرە شارەكە بە تەواوی دەورپێچ بكەن و تاقە رێگای دەرچوونی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنیش دابخەن بەڵام ئەو هەوڵانە لە لایەن هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە پووچەڵ كراونەتەوە و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توانیویانە چەندین ناوچەی نوێ دیكە كۆنترۆڵ بكەن و هێرشی سەر حەلەبی كۆن، كۆمەڵگەی زەهرا و ناوەندی ئیستیخباراتی هێزی ئاسمانی سووریا كردووە و لە رێگای ئەو تۆنێلانەیەوە كە لە ژێر باڵەخانەكاندا هەڵیان كۆڵاون دەستیان بە تەقاندنەوەی ئەو باڵەخانانە كردووە و بەو جۆرە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توانیویانە بەشێكی زۆری ناوەندی ئیستیخباراتی هێزی ئاسمانی رژێم لە ناوبەرن.
دواجار 22 گرووپی چەكداری ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب رۆژی 26ی نیسانی رابردوو بۆ كۆنترۆڵ كردنەوەی یەكجارەكی باكووری حەلەب سوپایەكی هاوبەشیان بە ناوی سوپای فەتح دامەزراند.
ئەحمەد ئەحمەد بەرپرسی فەیلەقی شام كە گرووپێكی سەربە ئۆپۆزسیۆنی سووریایە گوتی: "هێزەكانی سەربە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای فەتح بۆ كۆنترۆڵ كردنی یەكجارەكی باكووری حەلەب دەستیان بە ئامادەكاری كردووە و كۆنترۆڵ كردنی ئەو ناوچەیە دەبێتە گەورەترین رووداوی ناوچەكە. ئامانجی سوپای فەتح لە هێرش كردنە سەر قەلەمون چۆڵ كردنی ناوچەكە لە لایەن حزبوڵڵا و هاوبەشەكانی حزبوڵڵایە. لە لایەكی دیكەوە ناوچەی قەلەمون لە باكووری رۆژئاوای دیمەشق دوای یەك ساڵ ئارامی چەند رۆژێكە بووەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئۆپۆزسیۆن و چەكدارانی حزبوڵڵا.
زەكەریا شامی گوتەبێژی سوپای فەتح لە قەلەمون گوتی: "سوپای فەتح لە قەلەمون توانیویەتی بە چەندین هێرشی جیاجیا چەكدارانی حزبوڵڵا كە فڕۆكەكانی جەنگی رژێمی سووریایش پشتگیرییان لێوە دەكەن لە ناوچەكەدا دەربخەن و توانیویانە دوای چەند سەعاتێك گردی مووسا لە دەستی چەكدارانی حزبوڵڵا رزگار بكەن.
شامی گوتی: "رۆژی رابردوو سوپای فەتح توانیویەتی فڕۆكەیەكی گچكەی حزبوڵڵا بخاتە خوارەوە و شەڕی نێوان هەردوولالە ناوچە سنوورییەكانی نێوان سووریا و لوبنان بەردەوامە. ئامانجی سوپای فەتح لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكان لە ناوچەی قەلەمون دەركردنی حزبوڵڵا و هاوبەشەكانی حزبوڵڵا لەو ناوچەیە و بە هۆی شەڕی ئەم چەند رۆژەی رابردوو بە دەیان چەكداری حزبوڵڵا لە ناوچەكەدا كوژراون.
شامی جەختی لەوە كردەوە كە چاوەڕوانی لە ناوچوونی حزبوڵڵا بە هۆی گوشارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە دەكەن.
هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن توانیویانە لە باشووری دەرعایش چەند ناوچەیەكی دیكەی ستراتیجی لە دەستی هێزەكانی رژێم رزگار بكەن و بەشێكی زۆری هێزەكانی سوپای رژیمی بەشار ئەسەد چەكدارە ئێرانی و ئەفغانییەكانن و شارەزای ناوچەكە نین بۆیە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە پۆزسیۆنی بەرگریكردن دەركەوتوونە و دەستیان بە هێرش كردن كردووە.