ئادیەمان
لە سووریا كە شەڕی نێوخۆیی پێی ناوەتە ساڵی پێنجەمەوە ، بە سەدان هەزار كەس كوژراون و نزیكەی سێ ملیۆن كەس ئاوارە بوون و بە سەدان كەسی دیكەیش بە هۆی شەڕەوە بریندار بوونە و یەكێك قاچی و یەكێكی دیكەش دەستی لەدەست داوە. ئەو كەسانەی كە بە هۆی شەڕەوە برینداربوون و مەحكوومی ژیانی خاوەن پێداویستی تایبەتی كراون لە كەمپی ئاوارەكان لە شاری ئادیەمان نیشتەجێ كراون و بە هاوكاری كەسوكارەكانیان ژیانی خۆیان بەردەوام دەكەن.
دووساڵ لەمەوبەر بەهۆی تۆپباران كردنی شاری دێرەزۆرەوە، دوو برا بە ناوەكانی عەبدلهادی تەمەن 16 ساڵ و حەسەن تەمەن 15 ساڵ بە هۆی بەركەوتنی پارچەی تۆپەوە هەریەكەو قاچێكی لە دەست دا و حاڵی حازر بە پشتبەستن بە دار ( گۆپاڵ) بەڕێوە دەچن و سەرەڕای هەموو ئەو كێشە و گرفتانە ئەو دوو برایە لە كەمپی ئاوارەكاندا درێژە بە خوێندن دەدەن.
عەبدلهادی دوروبا بە ئانادۆڵو گوتی: "لە شوێنی كاری باوكم بووین تۆپێك لە نزیكمان كەوتە خوارەوە و من و براكەم بە پارچەی ئەو تۆپە بریندار بووین. دوای برینداربوومان بە ئامبۆلانس گواستراینەوە توركیا و دەست بە چارەسەركردنمان كرا بەڵام من قاچی راستم لەدەستدا و براكەیشم قاچی چەپی لە دەستدا بۆیە ناچارین بۆ بەردەوام كردنی ژیان و جێبەجێكردنی كاروباری رۆژانەمان گۆپاڵ بەكار بهێنین".
دوروبا گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتین بەڵام رۆژانە بە پشت بەستن بەو گۆپاڵەی دەستمان دەچینە قوتابخانە و دوای نیوەڕۆیش دەچینە خولی خوێندی قۆرئانی پیرۆز".
عەبدلهادی عەلەویش هاووڵاتییەكی دیكەی تەمەن 25 ساڵە كە بە هۆی بەركەوتنی گوللەی قەناس بە پشتی، بڕبڕەی تووشی پێكان بووە و مەحكوومی ژیانی سەر جێگا بووە. عەلەوی پێش دوو ساڵ لە كاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە نیشانشكێنەكانی سەربە رژێمی سووریا تەقەیان لێكردووە و برینداربووە. گوللەی قەناسەكە لە ژێر باڵی چەپیدا رۆیشتووە و لە ژێر باڵی راستیدا دەركەوتووە.
عەلەوی گوتی: "دوای برینداربوونم خانەوادەكەم منیان بۆ عەنتاب گواستووتەوە، بۆ ماوەیەكی درێژ لە ژێر چارەسەری پزشكیدا بووم و پزیشكەكان ئاماژەیان بەوە كرد كە گوللەكە زەرەری بە بڕبڕەی پشتم گەیاندووە بۆیە لە كەمەرم بەخوارەوە لەكار كەوتووە".
عەلەوی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "دوای دەرچوونم لە نەخۆشخانە لە كەمپی ئاوارەكان لە ئادیەمان بەجێكرام و بە هۆی ئەوەیەوە كە ناتوانم هیچ پێداویستییەكی خۆم دابین بكەم خانەوادەكەم ناچارن وەكو منداڵ بەخێوم بكەن".
ماتەس حەمدو هاووڵاتییەكی دیكەی سوورییە كە تەمەنی 25 ساڵە و لە شەڕی دژی رژێمی سووریادا بە هۆی تەقینەوەیەك حەفت پارچەی بەركەوتووە و بە هۆیەوە هەر دووقاچی و دەستی راستی لەكار كەوتوون. حەمدو كە هێشتا چەند پارچەی ئەو بۆمبە لە نێو سەر و جستەیدایە بە هاوكاری براگەورەكەی پێداویستییەكانی رۆژانەی دابین دەكات.
حەمدو گوتی: "ئەگەر بێت و چارەسەری فیزیكیم بۆ بكرێت ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە كە دووبارە بتوانم بڕۆم، پێش 20 رۆژ سەردانی دكتۆرم كرد و پێ گوتم پێویستە چارەسەری فیزیكی بكەم بۆیە منیش بۆ ئەوەی دووبارە بتوانم بەڕێوە بچم دەمەوێت خۆم چارەسەر بكەم".