هەولێر
گوتەبێژی دیداری زانكۆی سەڵاحەدین/ هەولێر دكتۆر شاهۆ حوسێن دەڵێت ئومێد دەكەن ئەو كارەیان یارمەتیدەربێت بۆ داڕشتنەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر 9:30 لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر دیداری زانكۆی سەڵاحەدین/ هەولێر لە ژێر دروشمی "لەپێناو دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان" دەستی بەكارەكانی كرد.
دیدارەكە كە بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت شەش پانێڵ لەخۆدەگرێت كە بریتیین لە بنەماكانی دەستووری كوردستان، چۆنێتی رێكخستنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، ماف و ئازادییەكانی مەدەنی و سیاسی لە دەستووری هەرێمی كوردستان، رێكخستنی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، دەستە و كارگێڕییەكان لە دەستووری كوردستان، گفتوگۆی كراوە سەبارەت بە هەڵوێستی پارتەكانی سیاسی كە بڕگەی كۆتایی دەبێت و نوێنەرانی هەر پێنج لایەنە سیاسییەكەی پێكهێنەری كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێم بەشداریی تێدا دەكەن.
لەو دیدارەدا سەرباری ئامادەبوونی دەیان پسپۆری یاسای دەستووری چەندین مامۆستای زانكۆ لە سەرجەم زانكۆكانی كوردستان و هەردوو وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دكتۆر یوسف گۆران و وەزیری دادیش بەشدارن، لەگەڵ چەندین سەرۆك زانكۆ.
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین/ هەولێر دتۆر ئەحمەد دزەیی لە دەستپێكی كردنەوەی دیدارەكە لە پاش وەستان بۆ گیانی شەهیدانی كوردستان بەدەم مارشی ئەی رەقیبەوە لە وتەیەكدا بۆ ئامادەبوان گوتی: "ئەم دیدارەمان لە 19ی مایس هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992، هەروەها پێش دەستپێكردنی گفتوگۆكردنی لایەنەكانی سیاسی هەرێمە لەسەر پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ داڕشتنەوە و هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان".
گوتیشی: "دیداری ئەمڕۆمان ئەمڕۆ جگە لە راستەوخۆ قسەكردن لەسەر پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان، قسەكردنە بەشێوەیەكی زانستی لەسەر پرۆژەكە و كاردەكەین بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم رەنگ و دەنگە جیاوازەكان و هەوڵ دەدەین بۆ كۆكردنەوەی هەموولایەنەكان لەسەر یەك مێز كۆبكەینەوە و هەروەها دیدارەكە بۆ ئاسانكاری و رێگەخۆشكردنە لەبەردەم لێژنە 21 كەسییەكە، پاشان بۆ ئەوەیە كە لە رۆشنایی ئەو دەستوورە دەوڵەتی كوردی لەدایك بێت".
دكتۆر ئەحمەد دزەیی ئەوەشی گوت كە دیدارەكەیان قسەكردنێكی زانستی و ئەكادیمی دەبێت لەسەر رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان و رونی كردەوە"هەمووان دەتوانن لە روانگەی زانستەوە بڕواننە دەستور بە سوود وەرگرتن لە دەستووری وڵاتان دیدارەكە بەگشتی دەبێتە نەخشەرێگەی لایەنەكانی سیاسی كوردستان بۆ كۆكبوونییان لەسەر پرۆژەكە".
لەو دیدارەدا نوێنەرانی لایەنەكانی سیاسی، پێكهاتەكانی ئاینی و نەتەوەیی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك پەرلەمانتار، چەندین ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسانی حزبی و حكوومی ئامادەبووبوون، ئەوەشی ئەم دیدارە جیا دەكاتەوە وەكو سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین گوتی ئەكادیمی بوونی دیدارەكەیە.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دكتۆر یوسف گۆران لە وتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبوان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ دیدارەكە كە قسە لەسەر مەسەلەیەكی گرنگی وەكو رەشنووسی دەستوور دەكات.
گوتی: " وڵاتان زۆر گرنگییان بە نووسینەوەی دەستووری خۆیان داوە، گرنگە لەم دیدارە زانكۆ و كۆلێژنە پەیوەندیدارەكان قسە و وتەی خۆیان هەبێت، دووركەوتنەوە لە روانینی حزبایەتی تەسك بۆ ناوەڕۆكی ئەو دەستوورە زامنی سەركەوتنی گفتوگۆكانمانە، چی وەكو كەسانی ئەكادیمی لەلایەك چی وەكو دڵسۆز و نیشتمانی لەلایەكی تر".
گوتیشی: "دەستووری ئەمریكا تاكە دەستوورە كە تاوەكو ئێستا رێز لە یاسا دەگرێت و زۆرترین كات وەكو خۆی ماوەتەوە و بە شێوەیەك دەنووسرێتەوە كە رێز لە نەوەكان دەگریت و یەك بە یەك لەسەر بەندەكانی گرنگیی تایبەتی خۆیان هەیە، دەستوور تەنها بۆ كەسێك یان ئاینێك یان نەتەوەیك یان دۆخێك بەتەنها نانووسرێت، بەڵكو بۆ كۆمەڵگەی كوردستانی كە كۆمەڵگەیەكی فرە بۆچوون و فرە حزبایەتی و فرە ئاین و فرە نەتەوە دەنووسرێتەوە، بۆیە دەبێت لە نووسینەوە و گفتوگۆكانمان لەم دیدارە لە یادی نەكەین".
باسی لەوەش كرد كە دەستوور دایكی یاساكانە و بۆ نەوەكان دەنووسرێتەوە، سەركەوتووترین دەستوور ئەوەیە بتوانرێت زۆرترین كات بمێنێتەوە.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی گوت: "هیوادارین زانكۆكانمان زانستییانە و ئەكادیمییانە و بەرپرسانە لە دیدێكی رەسەنەوە قسە لەسەر كێشەكانی كۆمەڵگەمان بكەن بۆ ئەوەی رۆڵێكی باشتر بگێڕن".
گوتەبێژی دیداری زانكۆی سەڵاحەدین/ هەولێر شاهۆ حوسێن كە یەكێكە لە رێكخەرانی دیدارەكە لە وتەیەكدا گوتی: "بیرۆكەی دیدارەكە بۆ چەند مامۆستایەكی كۆلێژی یاسا و زانستەكانی سیاسی دەگەڕێتەوە پاش ئەوەی لەلایان گەڵاڵەبوو پێشكەشی زانكۆی سەڵاحەدینییان كرد، رێكخستنی ئەم دیدارە كارێكی ئاسان نەبووە، هەوڵدراوە زۆرترین هاوسەنگیی لە زۆرترین دەنگ و رەنگی تێدا بێتە دی و دەستوور بكرێتە ئامرازێك بۆ خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتەكەمان".
گوتیشی: "ئەوەی ئەم دیدارە جیا دەكاتەوە خۆشەبەختانە سەرجەم كەسایەتییە ئەكادیمییەكان خەڵكی كوردستانن و پێویستە هەموو كوردستانییەكان بە دەستی خۆیان دەستوور بۆ خۆیان بنووسنەوە، هیوادارین ئەمە بێتە كارێكی یارمەتیدەر بۆ نووسینەوەی دەستووری كوردستان و ئاسانكاری بێت بۆیان".
پاش ئەو وتانە پانێڵی یەكەمی دیدارەكە دەستی پێكرد كە كەسایەتی ئەكادیمی و پەرلەمانتاری پێشووتر و یەكێك لە داڕێژەرانی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دكتۆر نوری تاڵەبانی، پەرلەمانتار دكتۆر فرسەت سۆفی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی ئەبو بەكر كاروانی.