سەنعا
بەهۆی هێرشی فڕۆكەكانی جەنگی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە بۆ سەر ماڵی كۆڕی سەركۆماری پێشووی یەمەن عەلی عەبدوڵڵا ساڵح چەندین كەس كوژران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی بەدەست گەیشتوون، فڕۆكەكانی جەنگی هاوپەیمانێتی عەرەبی هێرشی سەر ماڵی ئەحمەدی كۆڕی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحیان لە باشووری شاری سەنعای پایتەخت كردووە.
شاهید حاڵەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە دوای ئەو هێرشە دووكەڵ لەو ماڵەدا بەرزبووەتەوە و چەند كەسێكیش كوژراون بەڵام هێشتا دیار نییە كە ئایا كۆڕی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە نێو كوژراوەكاندایە یا نا.
هاوپەیمانێتی عەرەبیش تا ئێستا لەو بارەوە هیچ جۆرە لێدوانێكی نەداوە.
پێشتریش فڕۆكەكانی جەنگی هاوپەیمانان رۆژی 10ی ئەم مانگە هێرشیان كردبووە سەر ماڵی ساڵح و بەهۆیەوە چەند كەسێك بریندار ببوون.
ئەو ئاگربەستە پێنج رۆژییەی لە لایەن هاوپەیمانێتی عەرەبییەوە راگەیەنراوبوو رۆژی 17ی ئەم مانگە بە كۆتایی هات.
سەركۆماری یەمەن عەبدڕەبە مەنسوور هادی بۆ رێگریكردن لە پێشەڕەوی حوسییەكان لە یەمەن داوای وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی سعوودیە كردبوو كە دەستوەردانی لە یەمەن بكات، لەسەر ئەو داواكارییەی مەنسوور هادی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعوودیە رۆژی 26ی ئاداری رابردوو دەستی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەلحەزم كرد و دواتر لە 21ی نیسانی رابردوودا كۆتایی بەو ئۆپەراسیۆنە هێنرا و دەست بە ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی هێوا بۆ خەڵكی یەمەن كرا.
لە چوارچێوەی كۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی یەمەن كە دوو رۆژ لەمەوبەر لە ریازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەچوو نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری یەمەن داوای درێژكردنەوەی ئاگربەستی بۆ ماوەی پێنج رۆژ كردبوو.