لەندەن
یەكێتی مسوڵمانانی بەریتانیا لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی بڕیاری ئیعدامكردنی بۆ محەمەد مورسی و 106 كەسی دیكە كردووە و داوای لە خەڵك كردووە كە لە بەرامبەر دامودەزگاکانی نادادوەریی میسر و دادگای باڵای میسر دەست بە خۆپیشاندان بكەن.
سەرۆكی یەكێتیی مسوڵمانانی بەریتانیا عومەر حەمدون گوتی: "دادگای میسر لە كاتێكدا كە بڕیاری ئازادكردنی بۆ حوسنی موبارەك كە بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بەشێوەیەكی نادیموكراتیك حكوومی میسری كردووە، دەركردووە لە هەمان كاتدا بڕیاری ئیعدامكردنی بۆ سەركۆماری هەڵبژێردراوی میسر محەمەد مورسی دەركردووە، ئەمە شتێكی زۆر چەوت و هەڵەیە، نیشانەی بارودۆخی ئاڵۆزی میسرە بۆ ئەوەی میسر لە ژێردەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی سیسیدا بگاتە دیموكراسی و ئازادی رێگایەكی دوور و درێژ لە بەردەم خەڵكی میسر دایە".
حكوومەتی بەریتانیایش رۆژی رابردوو نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕیبوو، لەو بارەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەنراوێكدا داوای لە بەرپرسانی میسر كردبوو كە لە چوارچێوەی ستانداردەکانی جیهانیدا رێز سەروەری یاسا بگرن و بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی میسر پێویستە حكوومەتی میسر مافە سیاسی و یاساییەكانی خەڵكی میسر بپارێزێت.
دادگای میسر هەفتەی رابردوو لە ئاكادیمیای پۆلیس لە قاهیرە بڕیاری ئیعدامكردنی بۆ محەمەد مورسی و 106 كەسی دیكە لە چوارچێوەی كەیسی سیخوڕی، هێرش كردنەسەر بەندیخانەكان دەركردبوو و دادگا بۆ وەرگرتنی بیروڕای موفتی میسر ئەو بڕیارەی روانەی لای موفتی میسر كردووە.