هەولێر
فەرید ئەسەسەرد دەڵێت هەڵبژاردنی سەرۆكی وڵات لە ناو خەڵك بێت یان لەدەرەوە دەسەڵاتی زیاد ناكات ئەگەر سیستەم پەرلەمانی بێت. لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە دیداری زانكۆی سەڵاحەدین/هەولێر بەناونیشانی" لەپێناو دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان" ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان فەرید ئەسەسەرد بابەتێكی لەسەر "بنەماكانی دیموكراسییەت و مەدەنییەت" لە پانێڵی یەكەم لەبارەی بنەماكانی دەستووری هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كرد. ناوبراو لەوبارەیەوە لەبارەی پرۆژەی دەستووری كوردستانەوە گوتی: "ئەم پرۆژەیە بۆ گەشەكردنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەرەو باش ببات زۆر باشە، بە مەرجێك حكومەتێك لەسەر دەسەڵات بێت پابەند بێت بە سەروەریی یاسا و بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی".
لەبارەی ئازادییەکانی گشتیشەوە لە رەشنووسی دەستووری هەرێم گوتی: "سەبارەت بە ئازادییەكان پرۆژەكە شتی زۆر باشی تێدایە و هەتا ئەندازەیەكی زۆر گونجاوە لەگەڵ ئەو هەلومەرجەی كە ئێستا كورد تێیدا دەژیت و مافێكی زۆری تێدایە هەر لە مافی ژیان و رێزگرتن لە ژیانی تایبەت و ئازادی رادەربڕین و ئەشكەنجەدان و شتی دیكەش".
هەرچی سەبارەت بە مافی كەمینەكانیشە ئەسەسەرد گوتی: "مەسەلەی كەمینەكان لە پرۆژەكە بە شێوەیەك باس كراوە كە بە بۆچوونی من هیچ دەستوورێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو شێوە بە كراوەیی و لێبوردەییەوە نییە، ئەوەی گونجاوە لەو پرۆژەیە ئەوەیە پرۆژەكە دانی بە ماف گونجاو نییە بۆ كەمەینەكان دەستەورەكە دانی بەوەدا ناوە فرەیی و جیاوازی ئاینی، نەتەوەیی، مەزهەبی هەیە و دانی بە دوو زمانی دیكەی ناوە لە پاڵ زمانی كوردی و عەرەبی كە ئەوانیش زمانەكانی سریانی و توركمانیین".
لەو دیدارەدا كە ئەمڕۆ لە هۆڵی كۆنفڕانسەكانی سەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بەڕێوە چوون چەندین وەزیر و سەرۆكی زانكۆ و مامۆستایان و ئەكادیمییەكانی بواری یاسا و ئابووری و چەند بوارێكی دیكە ئامادە بوون.
فەرید ئەسەسەرد لە درێژەی قسەكانیدا لەو پانێلەی بۆی دیاریكرابوو باسی لەوەكرد كە لەبارەی كەمینەكانەوە لە پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەستەواژەیەك بەكارهاتووە لە دەستوورەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەهاتووە، ئەویش بە قسەی ئەو بەكارهێنانی هەردوو زمانی سریانی و توركمانییە لەو ناوچانەی كە ئەو دوو گرووپە چڕی دانیشتوانییان تێدا هەیە، گوتیشی: "ئەوەش مافێكی دیكەیە بۆ كەمینەكان و دەیسەلمێنێت لە چەند ناوچەیەك ئەوان زۆرینەن".
باسی لەوەشكرد كە ماف بە پێكهاتە و كەمینەكان دراوە باری كەسێتی بەخۆیان هەبێت و رێكبخرێت و جیاواز بێت لە باری كەسێتی موسوڵمانان.
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئاماژەی بۆ مافی ئۆتۆنۆمیش كرد وەك ئەوەی لە پرۆژەی دەستووری هەرێمدا هاتووە و گوتی: "لە پرۆژەكەدا دانی بە مافی ئۆتۆنۆمیشدا ناوە لەو شوێنانەی گرووپەكان زۆرینەی دانیشتوان پێكدەهێنن ئەوەش زۆترین ئاستی لێبوردەیی و كراوەیی لە پرۆژە دەستوورەكەدا دەردەخات".
ئەو گوتیشی: "راستە لەو شوێنانەی كە بەپێی پرۆژەكە هیچ یاسایەك نابێت دەربكرێت كە لەگەڵ ئەحكامی ئاینی ئیسلام دژ بێت، بەڵام مافی رێكخستنی باری كەسێتی و شتی دیكەشی رێگە پێداوە و دەكرێت لە رێگەی یاسای باری كەسێكی و بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمییەوە ئەوەش چارەسەر بكرێت". ئەسەسەرد هێمای بۆ ئەوەكرد كە لە پرۆژەكەدا بە گشتی باسی ئازادی رۆژنامەگەری، ئۆپۆزسیۆن، رادەربڕین، دیموكراسی هەیە، ئەو دیموكراسییەتەشی باسكراوە لە ئابووری و كۆمەڵایەتی زیاتر دەچێت و كۆمەڵێك پابەندبوونی داناوە سیفەتی ئابووری و كۆمەڵایەتی وەرگرتووە وەكو پابەندبوون بە گەرەنتی كۆمەڵایەتی و دابینكردنی مووچە و كرێی یەكسان سەبارەت بە كاری دیریكراو.خوێندن بەخۆڕایی و نەهێشتنی نەخوێندەواری و پاراستنی مافی كرێكاران و ئەو شتانە".
لە بەشی دووەمی قسەكانیدا ئەندامی سەركردایەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان فەرید ئەسەسەرد باسی لە خاڵە لاواز و نێگەتیڤەكانی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی كێشەی بە كەسی كردنی تێدایە ئەگەر ئەم دیاردەیە نەبوایە ئەوا دەستوورەكەمان زۆر ئاسایی بەڕێوەچوو و یەكێكە لەو كێشانەی ئەو هەستەی دروستكردووە كە مەسەلەكە بەكەسی كراوە و ئەوەش وایكردووە نەبینە خاوەنی دەستووری خۆمان.
سەبارەت بە سیستەمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان وەكو ئەوەی لە پرۆژەكەدا هاتووە، ئەسەسەرد گوتی: "تەمومژ لەسەر سیستەمی سیاسی هەرێم لە نێو پرۆژەكە هەیە، سێ سیستەمی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی و تێكەڵاو هەیە، هیچیان لەوی تر ناچێت، لە سیستەمی پەرلەمانی بریتییە لە دەسەڵات بۆ سەرۆك وەزیران و دەسەڵاتی سەرۆكی دەوڵەت هەمیشە دەسەڵاتێكی پرۆتۆكۆڵییە و ئیدی پەیوەندی بە شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆكەوە نییە، لە دەرەوەی پەرلەمان یان لە ناوەوەی بێت، چونكە سیستەم هەر پەرلەمانییە".
ناوبراو هەروەها گوتیشی: "هەڵبژاردن لە ناو خەڵك بۆ سەرۆكی وڵات دەسەڵاتی بۆ زیاد ناكات مەگەر لە سیستەمی تێكەڵاو یان سەرۆكایەتی نەبێت".
رەخنەی ئەوەشی گرت كە لە پرۆژەكەدا باس لە بێ لایەنی دەزگاکانی ئەمنی نەكراوە و لە کۆتاییدا گوتی: "ئەگەر بمانەوێت دەستوورێكی مەدەنیمان هەبێت دەبێت حزبایەتی و خۆپاڵاوتن و لایەنگریی لە نێو دەزگاکانی ئەمنیدا قەدەغە بكەین".