واشینتۆن
بەشێکی زۆری دراوەکانی جیھان ئاماژەی پیاوسالاری لەسەریان کاریگەرە و تەنھا ٣٤ وڵات لەسەر کاغەزی دراوەکانیان وێنەی ئافرەتیان داناوە.
لە جیهان ١٦٧ دراو بوونی ھەیە و زیاتر لە سەدا ٩٠ی ئەم دراوانەش وێنەی پیاوی لەسەرە و تەنھا ٣٤ وڵات، وێنەی ئافرەت لەسەر کاغەزی دراوەکانیان داناوە.
لە نێو ئەو وڵاتانەی کە پیاوسالاری لەسەر دراوەکانیان دیارە، ئەمریکایە کە بە یەکێک لە بەرگریکارانی یەکسانی پیاو-ئافرەت ھەژمار دەکرێت ئەمەش مایەی سەرنجە، لە کاتێکدا دۆلاری ئەمریکی یەکێکە لەو دراوانەی زۆر بەکار دێت لە جیھان، ھاوکات لە نێو ٤٠ کەسایەتی ناسراو لەسەر دراوەکە ھیچ ئافرەتێکی تێدا نییە.
لە بەرامبەر ئەمەشدا، دۆلاری ئوستڕالی کە لەسەر دیوی کاغەزی ھەر دۆلارێک وێنەیەکی ئافرەت و ئەم دیویشی وێنەیەکی پیاوی لێ دانراوە بووەتە تاکە نموونەی یەکسانی پیاو و ئافرەت لە جیھاندا.
ئەو وڵاتانەی کە وێنەی ئافرەت بەشێوەیەکی زۆر لەسەر دراوەکانیان بەکار دەھێنن بریتین لە سوید، سویسڕا، دانیمارک، بەریتانیا، کەنەدا، ئیرلەندا، نیوزلەندا، فلیپین، ئیسرائیل، نەرویج.
ھاوکات لەگەڵ وڵاتی تورکیا، ٣٤ وڵاتی دیکەش وێنەی ئافرەتیان بەلانیکەم لەسەر یەکێک لە دراوەکانیان بەکار ھێناوە.
جێگەی باسە، رۆماننوسی ئەدەبیاتی تورکی و جوگرافی ئیسلامی، فاتیمە عالیە تۆپوز یەکێکە لەو ئافرەتانەی کە وێنەکەی لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لەسەر کاغەزی ٥٠ لیرەی تورکیا دانراوە.