Dilşad Seyfeddin Ahmed
08 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2015
دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لایەنەكان لە رۆژی پێنجی تشرینی یەكەمی رابردوو لە شاری سلێمانی و بێ ئەنجامی كۆبوونەوەكان، خۆپیشاندان و گرژی و ئاڵۆزی لە شاری سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكەی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی پێ كرد و ماوەی چەند رۆژێك بەردەوامی هەبوو.
لەو خۆپیشاندانانەدا بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شارەكانی قەڵادزێ و كەلار و سەیدسادق و چەند ناوچەیەكی دیكە كرانە ئامانج و چەند بارەگایەك سووتێندران، بەو هۆیەشەوە پارتی بڕیاریدا بە چۆڵكردنی بارەگاكانی و رادەستكردنیان بە هێزەكانی ئەمنی.
دوای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر ئەو رووداوانەدا كە سێ كوژرا و زیاتر لە 200 برینداری لێكەوتەوە، تا ئێستا پارتی ئەو بارەگایانەی خۆی وەرنەگرتۆتەوە و لەلایەن هێزەكانی ئەمنییەوە پارێزگارییان لێدەكرێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری سلێمانی فارس نەوڕۆڵی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو دۆخەی بەسەر ناوچەكەدا هات تەنها ئامانج لێی پارێزگای سلێمانی نەبوو، بەڵكو بۆ شێواندنی كۆی پرۆسەی سیاسیی كوردستان بوو، بەڵام دواجار بەو هەنگاوانەی پارتی گرتیە بەر ئاگر بڕی دۆخەكەی كرد".
ئەوەشی گوت: "خۆپیشاندان و گرژییەكان لێكترازانی زیاتری لە نێوان هێزەكانی سیاسیی كوردستان درووست كرد".