هەولێر
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لیوا عەبدولخالق تەڵعەت باسی ئەوەی کرد کە "ماوەیەک پێش ئەمە ٦ گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵە لە هەندێ گەڕەک کە عەرەبیان لێیە بەناوی ئاسایش و پۆلیسی فریاکەوتنەوە پارەیان لە ١٥- ١٦ کەسی عەرەب وەرگرتووە کە پاش سکاڵای ئەو عەرەبانە تۆمەتباران گیراون و بەپێی مادەی ٤٤٢ی سزادانی عێراقی ئیجرائیات لەگەڵ ئەو تاوانبارانە دەکرێت" ناوبراو لە درێژەدا هۆکاری قۆستنەوەی هەل بۆ ئەو کەسانەی کەبەناوی ئاسایشەوە چوونەتە ماڵی ئەو عەرەبانە بەوە گەڕاندەوە چونکە ئەو هێزانە جلی مەدەنی لەبەر دەکەن داوای لە خەڵکی هەولێر کرد و گوتی: "مەرج نییە هەرکەسێک داوای ناسنامەی لێ کردیت پۆلیس یان ئاسایش بێت بۆیە پێویستە کە وشیار بن و دەبێ لایەنی پەیوەندیداریش بەبەڵگەوە خۆی بناسێنێت بۆ ئەوەی جێی باوەڕ و متمانە بێت".
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت هەروەها گوتی: "لەم دواییانەدا ٦ ئافرەت بەتاوانی دزی دەسگیر کراون".
و وشیاری دایە هاووڵاتییان و بەتایبەت ئافرەتان کە لە ئارایشتگەکانی ئافرەتانە و بازاڕ و هەروەها ئەو دەرووزەکەرانەی کە بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێن دەبێ زۆر هەستیار و ورد و بەئاگە بن. ناوبراو هەروەها گوتی: "دەرووزەکەر هەیە رۆژانە ٣٠٠ هەزار هەتا ٤٠٠ هەزار پارەی کۆکردووەتەوە".
بۆ کۆکردنەوەی دەرووزەکەرانی ئافرەت کە بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە خەڵکی هەولێر نین، لەگەڵ وەزارەتەکانی پەیوەندیدار و بەتایبەت ئەوقاف قسەی کردووە و بوونی منداڵ لەگەڵ ئەو ئافرەتانە بە یەکێک لە گرفتەکانی ئەو دۆسیەی زانی.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر باسی ئەوەی کرد کە بۆ مانگی رەمەزان پلانی تایبەتی خۆیان دەبێت بۆ پاراستنی ژیان و ماڵی هاووڵاتییان و سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و هەولێر و بوونی ئاوارە لە شاری هەولێر گوتی: "هەنووکە ٤٠٠ هەزار هەتا ٤٥٠ هەزار ئاوارەی عەرەب لەم شارە دەژین و ئێمە رێوشوێنی پێویستی خۆمان لە هەموو بوارەکانەوە گرتووەتەبەر".