Mazın Asad
18 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاشتۆن کارتەر بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ئاسایشی ناوچەکە، رۆژی ھەینی سەردانی تورکیا دەکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، کارتەر لە رێکەوتی ٢٠ تا ٢٧ی تشرینی یەکەم، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەگەڵ ھاوبەشەکانی و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ، سەردانی ھەریەک لە وڵاتانی تورکیا، ئیمارات، فەڕەنسا و بەلجیکا دەکات.
زنجیرە سەردانەکەی کارتەر لە تورکیاوە دەست پێدەکات، کە وا بڕیارە رۆژی ھەینی رێکەوتی ٢١ی ئەم مانگە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی پنتاگۆن ئاشکرا کراوە کە کارتەر لە کۆبوونەوەکەی تورکیادا بێجگە لە تاوتوێکردنی پرسی ئاسایشی ناوچەکە، پێشھاتەکانی عێراق و سووریاش دەخرێتە بەرباس و گفتوگۆ.
وەزیری بەرگری ئەمریکا دوای تورکیا، سەردانی ئیمارات دەکات و پاشان لە ٢٥ی تشرینی یەکەم لەگەڵ وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە پاریس کۆدەبێتەوە.
کارتەر لە ٢٦ی تشرینی یەکەمیش سەردانی برۆکسل دەکات و بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ دەکات.