هەولێر - ھێمن بابان
بەپێی وەزارەتی ئەوقاف دوو ساڵ دەبێت دروستكردنی مزگەوت لەلایەن خێرخوازانەوە لە چاو ساڵانی پێشووتر كەمی كردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردار قوربانی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە نزیكەی ساڵ و نیوێكە هەرێمی كوردستانی گرتووەتە 50 پرۆژەی وەزارەتەكەیان راگیراون كە 23یان دروستكردنی مزگەوتن.
قوربانی لەو رووەوە بە ئانادۆڵوی راگەیاند "بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە سەرجەم جومگەكانی گرتووەتەوە بووەتە هۆی راگرتنی چەندین پرۆژەی وەزارەتی ئەوقاف كە 23 لەو پرۆژانە مزگەوت و سێیان كڵێسەن، هەروەها كاریگەریی لەسەر دروستكردنی ئەو مزگەوتانەش كردووە كە لە لایەن خێرخوازانەوە جێبەجێ دەكرێن".
روونیشی كردەوە ئەو پرۆژانەی راگیراون بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دابەش بوون" 18 پرۆژەیان لە پارێزگای هەولێر و 14 یان لە پارێزگای سلێمانی و 11 پرۆژەشیان لە پارێزگای دهۆكن، لەگەڵ شەش پرۆژە لە ئیدارەی راپەڕین و پرۆژەیەكیش لە ئیدارەی گەرمیان".
قوربانی گوتیشی بەهۆی ئەو قەیرانەوە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێم لە ساڵی 2014 و 2015ش هیچ پرۆژەیەكی جێبەجێ نەكردووە. ئەوە سەرباری ئەوەی 12 پرۆژە بەهیچ شێوەیەك رەوانە نەكراوە و پاش رەزامەندی لەسەر جێبەجێ كردنییان رەوانەی وەزارەتی پلاندانان كراوەتەوە.
بەپێی قسەكانی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە كوردستاندا نزیكەی پێنج هەزار و 216 مزگەوت هەیە، 186 تەكییە، 174 مەزارگە، 325 پەرستگە و مەزارگەی ئێزیدییەكان و 154 كڵێسا و مەزارگەی مەسیحییەكان هەن، رۆژانە ئەو پەرستگایانە بە هەرسێ ئایینەكەوە ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی لە زیادبووندایە.
لەبارەی دابەشبوونی ژمارەی مزگەوتنەكانیشەوە بەسەر هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمدا لە پارێزگای هەولێر هەزار و 906 مزگەوت و لە پارێزگای سلێمانی هەزار و 872 مزگەوت و لە پارێزگای دهۆك هەزار و 148 مزگەوت و لە ئیدارەی گەرمیانیش 290 مزگەوت هەن.
قوربانی لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەكرد كە ئەو پرۆژانەشی كە لەلایەن خێرخوازانەوە لە نموونەی مزگەوت دروست دەكرێن كەم بوونەتەوە و بەشی زۆریشیان قەیرانی دارایی گرتوونیەتییەوە و ئیشەكانییان یان راگیراون یان بە سستی بەرێوەدەچن، لەو بارەیەوە گوتی: " ژمارەی ئەو پرۆژە و مزگەوتانەی كە لەلایەن خێرخوازانەوە دروست دەكرێت لە ساڵی 2014 و 2015 لە چاو ساڵانی پێشووتر كەمیان كردووە و بەشی زۆریان ئیشەكانییان سست بوون و راگیراون".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی سەردار قوربانی گوتیشی: " بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان ساڵانە 30 بۆ 40 مزگەوت لەسەر ئەركی خێرخوازان دروست دەكرێت، لە ساڵی 2014 نزیكەی 38 مزگەوت لەسەر ئەركی خێرخوازان دروستكراوە و رادەستی وەزارەتی ئەوقاف كراوە".
لەكۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە چەندین مەزارگە و مزگەوت و پەرستگای كوردستان هێشتا لە دەستی داعشدان لە ناوچەكانی وەكو شنگال.