ڤییەنا
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف گوتی: لە دانوستانی ئەتۆمیدا بەرەو پێشەوە چوون ھەبووە بەڵام نەمانتوانی بگەینە شوێن مەبەست.
جەواد زەریف لە بەردەم ئەو ھۆتێلەی کە تێیادا دانوستانەکان بەڕێوە دەچوون بۆ ماوەیەک لەگەڵ ھەر یەک لە سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران عەلی ئەکبەر سالحی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی و برای سەرکۆماری ئێران حوسێن فەریدون و ئەندامی شاندی دانوستانکار محەمەدنیادا گفتوگۆی کرد.
زەریف لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لە بارەی ئەنجامی دانوستانەکانەوە گوتی: بەرەو پێشەوەچوون ھەبوو بەڵام نەمانتوانی بگەینە خاڵی مەبەست.
زەریف لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا دانوستانەکان تا کۆتایی حەفتە بەردەوام دەبن گوتی: وا دیاریە.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا شاندی دانوستانکاری ئێرانی تا رۆژی یەکشەممە لە ڤییەنا دەمێنێت یانا؟ زەریف گوتی: ئاواتە خوازم نەمێنێت.
زەریف گوتی: ھیچ خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتایی ھاتن بە دانوستانەکان لە ئارادا نییە و ئێمە داوای رێککەوتنێکی باش دەکەین و ئەمەیش تەنیا بە بڕیار و ئیرادەی سیاسی دەبێت و دیدارەکانم لەگەڵ کێریدا باش بوون.