بێجگە لە کۆمەڵکۆژی سرێبرەنیتسا کە تێیدا ھەشت ھەزار پیاوی بۆشناک کوژران و لە ئەورووپا دوای شەڕی جیھانی دووەم بە گەورەترین کارەسات دادەنرێت، لە بۆسنیا و ھەرسەکیش لە سەرای بۆسنیا، ڤیشەگراد، پرییەدۆر، زڤۆرنیک، فۆچا و بیەلینا و چەندین شوێنی دیکە بۆشناکەکان رووبەڕووی کوشتن و ئەشکەنجە و راگواستنەوە بوونەوە.
بۆسنیا ھەرسەک لەگەڵ پارچە بوونی یوگۆسڵاڤیا ٢٩ی شوبات تا یەکی ئاداری ساڵی ١٩٩٢ رێفراندۆمی ئەنجام دا و سەربەخۆیی خۆی راگەیاند و دواتر شەڕی دەستی پێ کرد و هەتا ساڵی ١٩٩٥ بەردەوام بوو و بەھۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس کە زۆربەی زۆریان بۆشناک بوون گیانیان لەدەست دا، نزیکەی ٥٠ ھەزار ژن رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە و دوو ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
دوای دەستپێکردنی شەڕ، سەرای بۆسنیای پایتەخت لەلایەن ھێزەکانی سربییەوە گەمارۆ کرا، ئەو گەمارۆیە بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو بەردەوام بوو کە بووە درێژخایەنترین گەمارۆی جیھانی سەردەم. لە ماوەی ئەو گەمارۆیەدا زیاتر لە ١٠ ھەزار کەسی مەدەنی گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٥٠ ھەزار کەسیش بریندار بوون و لەو شارەدا کە رۆژانە نزیکەی ٣٢٩ بۆمبی لەسەر دەباری زیاتر لە ١٠٠ ھەزار خانوو وێران بوون.
لە ماوەی ئەو گەمارۆکردنەدا دوو جار ھێرشی ئاسمانی کرایە سەر بازاڕی مارکالە و ئەو دوو ھێرشە دوو کۆمەڵکوژی سەرەکین کە لە بیری خەڵکدا ماون، ئەو دوو ھێرشە کە رۆژی پێنجی شوباتی ١٩٩٤ لە لایەن ھێزەکانی سربییەوە ئەنجام دران، لە یەکەم ھێرشدا ٦٨ کەس کوژران و ١٤٤ کەسی دیکە بریندار بوون و لە ھێرشی دووەمدا کە رۆژی ٢٨ی ئابی ساڵی ١٩٩٥ ئەنجام درا، ٤٣ کەس کوژران و ٨٤ کەسی دیکەیش بریندار بوون.
ئۆردوگا و کەمپەکانی زۆرەملێ کە لە سەرەتای شەڕدا دامەزران بوون بە دوایین وێستگەی پیاوەکانی بۆشناک، بەپێی ئاماری قوربانیانی کەمپەکانی زۆرەملێ بۆسنیا، لە ماوەی شەڕدا ٦٥٧ کەمپی زۆرەملێ کرانەوە و لەو کەمپانەدا بە گشتی زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەس کوژران.
بێجگە لە کەمپە ناودارەکانی وەکو مانیاچا، کەراتەرم، ئۆمارسکا، فرنۆپۆلیە، درەتەلی، گابەلا، ھەلیۆدرۆم، لوکا برچکۆ، باتکۆڤیچ، سوشیتشا و کولا، لەو کەمپانەدا کە لە سەرانسەری وڵات دامەزرابوون زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس رووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە و زیاتر لە ٢٥ ھەزار ژنیش رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوە.
ئەوانەی کوژران زۆربەی زۆریان لە گۆڕەکانی بەکۆمەڵی سەرانسەری ئەو وڵاتە شاردرانەوە و دوای راوەستانی شەڕ ھەوڵەکانی دۆزینەوەی کوژراوان دەستیان پێ کرد و لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا ئێسک و پڕوسکی زیاتر لە ٢٠ ھەزار بۆشناک دۆزرانەوە بەڵام هێشتا ئاسەواری زیاتر لە حەوت ھەزار و ٣٢٤ قوربانی دیار نین.
لە ناوچەی پرییەدۆر کە چەندین کەمپی زۆرەملێی تێدا بوو بەگشتی پێنج ھەزار و ٢٠٩ بۆشناک کە چوار ھەزار و ٩٣یان کەسی مەدەنی بوون کوژراون.
