وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێری لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە ڤییەنا گوتی: "تەنیا بۆ ئەوەی کە درێژە بە دانوستانەکان بدەین لێرە ئامادە نیم، بەڵکو بەھۆی ئەوەیەوە بڕوامان بەوە ھەیە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ھەنگاوی باشمان ناوە لێرەین".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "دوێنێ لەگەڵ سەرۆک ئۆبامادا قسەم کردووە و پێشتریش ئاماژەم پێکردووە، ناتوانین ھەتا ھەتایە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشین".
کێری گوتی: "دانوستانەکان لە ئاستی تەکنیکیدان بۆیە ئەگەری روودانی کێشە و گرفتی زۆریش لە ئارادایە ھەر چەند کات نیوەی شەویش بێت بە ئاسانی لەسەر مێزی دانوستان ھەڵناسینەوە. ئێمە دەمانەوێت لە کۆتاییدا بگەینە رێککەوتنێکی باش بۆیە پەلە ناکەین و نامانەوێت کەسیش پەلە بکات".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنی کۆتایی ھەوڵ بۆ چارەسەرکردنی پرسگەلی دژوار دەدەین".
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لەسەر پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردووەتەوە کە "بۆ کۆتاییھێنان بە کارەکان زۆر بە چڕی ھەوڵ دەدەدین بەڵام پەلەمان نییە".
ناوبراو هەروەها نووسیویەتی "بۆ کۆتاییھێنان بە ئەرکەکانمان پێویستە زیاتر کار بکەین، پەلە ناکەین، لێرە دەنووسم کە ئەسپ ناتوانێت رێڕەوی رووبار بگۆڕێت".
زەریف دواتر لە باڵکۆنی ھۆتێلەکەدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچیدا گفتوگۆی کرد و زەریف لە بەرامبەر پێداگریی رۆژنامەنووسان بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەکانیان تەنیا دەستی بەرز کردەوە.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لوران فابیوس لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەنووسانی گوتی: "پرس و کێشەگەلی زەحمەت ھێشتا بەردەوامن بۆیە بڕیار دراوە تا بەیانی درێژە بە دانوستانەکان بدرێت".
بەپێی رێککەوتنی سەرەتایی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی کە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ ئیمزا کراوە، دەبوایە هەتا ٢٠ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٤ رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت بەڵام بەھۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان ماوەی یەک ساڵە کاتەکە درێژ دەکرێتەوە، دواجار کاتی دانوستانەکان کە حەوتی تەمووز بوو بۆ ١٠ی تەمووز درێژ کرایەوە.